بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە سەرۆک کۆماری بۆلیڤیا دەستی لەکارکێشایەوە

دوای سێ هەفتە خۆپێشاندان دژی ساختەکاری لە هەڵبژاردن، سەرۆک کۆماری بۆلیڤیا دەستی لەکارکێشایەوە، جێگرەکەشی بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کودەتا ڕوویداوە، دەستلەکار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.


سێ هەفتە لەمەوبەر خەڵکی بۆلیڤیا دژی ئێڤۆ مۆرالس، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ڕژانە مەیدانەکان و داوای دەستلەکار کێشانەوەی مۆرالسیان کرد، خۆپیشاندەران باوەڕیان وابوو کە لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری کراوە.

هەرچەند دوێنێ مۆرالس ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنەکە دووبارە دەکاتەوە، بەڵام چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە، سوپای بۆلیڤیا داوای لە سەرۆک کۆمار کرد تا دەست لەکاربکێشێتەوە.

هەر دوێنێ چاودێرانی نێودەوڵەتی هەڵبژاردن، داوایان کرد ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بۆلیڤیا هەڵوەشێتەوە و ڕایانگەیاند: "بەڵگەی ڕوونمان لەدەستدایە کە ئەنجامی هەڵبژاردن دەستکاریی تێدا کراوە".

فشارەکان لەسەر مۆرالس زیادکرا و چەندین کاربەدەستی باڵای دەوڵەتەکەی دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند، لە کۆتاییشدا، ئێوارەی دوێنێ ئێڤۆ مۆرالس لە وتارێکدا کە لە تەلەفزیۆنی وڵاتەکەی پێشکەشی کرد، وتی: "من لە پۆستەکەی خۆم وەک سەرۆک کۆمار دەکێشمەوە"، داواشی لە خۆپیشاندەران کرد کە، "دەست لە هێرش و سووتاندن هەڵگرن".  

جێگای ئاماژەیە کە ئێڤۆ مۆرالس لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە لە پۆستی سەرۆک کۆماری وڵاتی بۆلیڤیا-دایە.

ک.س