بە زۆرینەی دەنگ دانوستانەکانی ئەندامێتی تورکیا لەیەکێتی ئەوروپا ڕاگیرا

پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ داوای لە کۆنسەی ئەوروپا کرد، کە دانوستانەکانی ئەندامێتی تورکیا لەو یەکێتییە بەفەرمی ڕابگیرێت.


دوێنێ ٣٧٠ نوێنەری پەرلەمانی ئەوروپا بە پەسەندکردنی بڕیار نامەیەک سەرەڕای دەبڕینی نیگەرانی قووڵی خۆیان لە "دۆخی مافەکانی مرۆڤ، سەروەرنەبوونی یاسا، ئازادنەبوونی میدیاکان، گەندەڵی و دەسەڵاتی زۆری سەرۆک کۆمار لە وڵاتی تورکیا"، داوایان لەکۆنسەی ئەوروپا کرد کە دانوستانی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا هەڵپەسێرێت.

ئەم بڕیارنامەیە لە کاتێک پەسەند کراوە، کە پێش ئەوەش گروپی پەرلەمانی حیزبی گەلی ئەوروپا داوای کردبوو بەپەلە و بێسنوور دانوستانەکان لەگەڵ تورکیا بۆ ئەندامێتیی لە یەکێتی ئەوروپا ببڕدرێت و کۆتاییپێبێت.

ئەو پێشنیارەی دوێنی پەسەند کرا، ٣٧٠ دەنگی بەڵێی لە پشت بوو، لە بەرامبەردا ١٠٩ دەنگی نەخێر و ١٣٤ دەنگی بێلایەنیش خرانە سندووقەکانەوە.

کەتی پێری نوێنەری هۆڵەندا لە گروپی سۆسیال دیموکراتەکان و ڕیپۆرتەر و ئامادەکەری ئەم بڕیارنامەیە، وتوویەتی: تورکیا گوێ لە داخوازییەکانی ئێمە بۆ ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکان ناگرێت، دیارە کە بڕینەوەی دانوستانەکان یارمەتیی بە هێزە دیموکراتەکان لە تورکیا نادات، بۆیە ڕێبەرانی ئەوروپا پێویستە هەموو ئامرازەکان بەکار بێنن بۆ فشار خستنە سەر تورکیا.

دانوستانەکانی پەیوەستبوونی تورکیا لەناو یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستیپێکردووە، بەڵام بە کردەوە چەند ساڵێکە ڕاوەستاوە، پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لە دوای ساڵی ٢٠١٦ و سەرکوتی دژبەرەکانی ئەردوغان، بە تەواویی سارد بووەوە.

س.ح