بە هەزاران کەس لە ستۆکۆڵمی پایتەختى سوید خۆپیشاندانیان کرد لە دژی سیاسەتى فاشیزمى دەوڵەتی داگیرکەری تورک و سیاسەتى دەوڵەتى سویدیان لەسەر کوردان ئیدانە کرد.
دوێنێ بەهەزاران کەس لە ستۆکۆڵمی پایتەختی سوید خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و چەندین دروشم لەدژی سیاسەتى دەوڵەتى داگیرکەری تورک و سوید بەرزکرایەوە.
چالاکییەکە لەلایەن کۆمیتەى رۆژئاوا و کۆمەڵەی دژ بە ناتۆ، پارتی ماف و سۆسیالیست، پارتی چەپ، نەجەدەکەی سوید و چالاکوانانی ژینگەپارێز ڕێکخرابوو.
خۆپیشاندانەکە بە دروشمی” بکوژ و فاشیست ئەردۆغان” لە پارکی نۆرا بانگتۆرگەت هەتا ناوەندی مەدبۆرگاریلاتسەن بەردەوام بوو، لەو چالاکیەدا چەندین پەیام و لێدوان ڕاگەیەنرا.
خۆپیشاندەران بێدەنگی سی پی تی لەسەر گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هێرشی دەوڵەتى داگیرکەری تورک و بەکارهێنانى چەکی کیمیایی لە هەرێمی پاراستنى میدیایان ئیدانە کرد.
گەنجانى شاخی پارتی چەپی سوید پەیامێکیان خوێندەوە و رایانگەیاند، نا بۆ ئەندامییەتی لە ناتۆ، کە کورد ببنە قوربانی و مامەڵەکردن پێیەوە، ئێمە هاوکاریکردن لەگەڵ فاشیستێکی وەکو ئەردۆغان دەڵێین نەخێر، بۆیە هیچ کاتێک سیاسەتى ئیمپرالستەکان قبوڵ ناکەین.
هەروەها پێنج هەزار کەس ئامادەی خۆپیشاندانەکە بوون و دروشمىی “نا بۆ ئەندامییەتى لەناتۆ و نا بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ فاشیستان” وترایەوە و لەکاتى رۆیشتنی خۆپیشاندەران ئاڵایەکى گەورەی پەکەکە لە ناوەڕاستى مەیدانی خۆپیشاندانەکە هەڵواسرا.
هاوکات، لە خۆپیشاندانەکە ئەم دروشمانە وترانەوەو بەرزکرانەوە، نا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ، ژن ژیان ئازادی، تیرۆرست ئەردۆغان، بکوژ ئەردۆغان، سوید لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەردۆغان بکشێوە، ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان.
هەروەها چالاکوانان و بەشدارانی خۆپیشاندانەکە ئاماژەیان بەوە کرد، دەوڵەتى داگیرکەری تورک دەیەوێت سوید بکاتە هاوبەشى پێشێلکردنى مافەکانى گەلی کورد و مرۆڤایەتی.
ئەوەشیان ڕاگەیاند، ئەگەر دەوڵەتى سوید سەری خۆی بەرامبەر دەوڵەتى تورک نەوی نەکردبایە ئێستا ئەردۆغان نەیدەتوانى ئاوا لە سوید بکات.
هـ.ح