تاجیکستان: لە هێرش بۆسەر بنکەیەکی سنووریی ١٧ کەس کوژران

لە هێرشی گروپێکی چەکدار بۆسەر بنکەیەکی سنووری وڵاتی تاجیکستان-ئۆزبەکستان، ١٧ کەس کوژران.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ گروپێکی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سنووریی لە ناوچەی 'ڕودەکی' باشوری ڕۆژئاوای وڵاتی تاجیکستان کە ٥٠ کم لە شاری 'دوشەنبە'ی پایتەختەوە دوورە.

بنکەکە لەلایەن گروپێکی ٢٠ کەسی چەکدارەوە و هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا شەڕ و پێکدادان ڕوویداوە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی تاجیکستان، ڕایگەیاند: ١٥ کەس لە هێرشبەرەکان کوژراون و پێنج کەسی دیکەشیان دەستگیرکراون، هەروەها سەربازێکی پاسەوانی سنوور و پۆلیسێکیش لەو پێکدادانە کوژراون.

وەزارەتی ناوخۆی تاجیکستان-یش ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەستیپێکردووە و ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی هێرشبەرەکان لەگەڵ گروپە چەتەکان بەردەوام دەبێت.

لە بەیانی ئەمڕۆشەوە، لە شاری دوشەنبە و ڕێگاکانی سەر پایتەخت، ڕێوشوێنی توندی ئەمنی گیراوەتەبەر.

س.ح