تاچەند گوێ لە قسەکانی مام جەلال دەگیرێت؟

مام جەلال-ی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان- ی ن ک، گەردنی هەموو ئەو کەسانە ئازاد دەکات، کە لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادیی سلێمانی چالاکیی دەکەن و ڕەخنە دەگرن، بەڵام دوێنێ لەو سەکۆیە یادکردنەوەی شەهیدانی پاریس قەدەغەکرا و ٥٢ کەسیش دەستگیرکران.


لە گرتە ڤیدیۆییەکدا، کە لە میانەی کردنەوەی ناوەندی چاپ و پەخشی سەردەم-دا تۆمارکراوە، جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێک دەربارەی دروستکردنی سەکۆی ئازادیی لەناو پارکی ئازادیی شاری سلێمانیی بڵاودەکاتەوە.

مام جەلال لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا لەسەر دروستکردنی سەکۆی ئازادیی دەڵێت: من خۆم لە پارکی ئازادیی سەکۆیەک دروست دەکەم، لەوێ ڕایدەگەیەنم، هێرش لەسەر مام جەلال هەرکەسێک دەیکات بیکات، لە منەوە دەستپێبکەن، هەرچی کردی گەردنی ئازادبێت، هیچ لێپرسینەوەیەکی یاساییشی ناکەم.

سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی، بەدیاریکراویی دەڵێت: ئەو کەسانەی ڕۆژی هەینی لەو سەکۆیە هەرچی قسەیەک دەڵێن، جنێویش دەدەن گەردنیان ئازادبێت، خۆپیشاندان بکەن و ڕا دەربڕن هەمووی سەرچاوم، با ببینە کۆمەڵگایەکی مەدەنیی سەردەم.

سەرباری ئەم قسانەی مام جەلال، کە تا ئێستاش کەس وەک جێگرەوەی بە پۆستی سکرتێری یەکێتی دیاریی نەکراوە، دوێنێ ئاسایشی سلێمانی لە سەکۆی ئازادیی ڕێگریی لە یادکردنەوەی هەریەکە لە ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کرد و ٥٢ کەسیشی دەستگیرکرد، کە وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی و ڕۆژنامەنووس و ژن و منداڵیان تێدایە و تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆریان ئازاد نەکراون.

س.ح