تاڵیبان بەرپرسیارێتی هێرشە خوێناوییەکەی ئەمڕۆی لە ئەستۆ گرت

تاڵیبان بەرپرسیارێتی هێرشە خوێناوییەکەی ئەمڕۆی سەر هەواڵگری ئەفغانستانی لە ئەستۆ گرت کە بەهۆیەوە نزیکەی ٥٠ کەس بوونە قوربانیی.


دوای چەند کاتژمێرێک لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە بەردەم بنکەیەکی ئاژانسی هەواڵگریی ئەفغانستان لە شاری غەزنەی ئەفغانستان کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەندامی هێزەئەمنییەکان و برینداربوونی ٤٠ کەسی دیکە، بزووتنەوەی تاڵیبان بەرپرسیارێتی ڕووداوەکەی لە ئەستۆ گرت.

بەپێی بەیاننامەیەکی تاڵیبان، هێرشەکە دوای ڕێککەوتنی هەردوو سەرۆک عەبدوڵا عەبدوڵا و ئەشرەف غەنی دێت بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا.

زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لەو بەیاننامەیەدا ڕایگەیاندووە، هێرشەکە وەک پەیامێک بووە بۆ حکومەتی نوێ تا هەنگاوەکانی خێراتر بکات بۆ ئازادکردنی گیراوەکانی تاڵیبان و دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان.

هەروەها هۆشداری ئەوەشیانداوە کە ئەم دەسەڵاتەی هەیە، ئەزموونی ڕابردوو دووبارە دەکاتەوە، بەڵام پێویستە ڕاستگۆ بێت لە دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکی درووست بۆ ئەو پرسە و گیراوەکانیان ئازاد بکات.

تا ئێستا کابوڵ نزیکەی هەزار زیندانی تاڵیبانی لە زیندانەکانی خۆیدا ئازاد کردووە، لە بەرامبەریشدا تاڵیبان ٢٦٣ ئەندامی هێزەئەمنییەکانی ئەفغانستانی ئازاد کردووە.

بەوتەی بەرپرسانی وڵاتەکە لە دوای ڕێککەوتنی تاڵیبان و ئەمریکاوە لە شوباتی ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ، تاڵیبان زیاتر لە سێ هەزار و ٨٠٠ هێرشی لە ئەفغانستان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە ٤٢٠ کەسی مەدەنی کوژراون و ٩٠٦ کەسیش برینداربوون.

ک.س