وەزارەتی بەرگری تایوان بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگى و کەشتیە سەربازییەکانى چین لەمیانەى ئەنجامدانى مەشقى سەربازیدا بۆ جارى دووەم سنورى وڵاتەکەمانىان بەزاند، دەشڵێن، چین ١١ موشەکى بالیستى لە جۆرى دۆنگفێنگ بە ئاڕاستەى سنورە ئاوییەکانى وڵاتەکەمان جوڵاندووە.
وەزارەتى بەرگرى تایوان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بۆ جارى دووەم فڕۆکە جەنگى و کەشتیە سەربازییەکانى چین لەمیانەى ئەنجامدانى مەشقى سەربازیدا سنورى وڵاتەکەمانىان بەزاندووە بەجۆرێک هێڵى ناوەندى گەرووى تایوان-یان تێپەڕاندووە.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى بەرگرى تایواندا ئەوەخراوەتەڕوو، وڵاتى چین ١١ موشەکى بالیستى لە جۆرى دۆنگفێنگ بە ئاڕاستەى سنورە ئاوییەکانى وڵاتەکەمان جوڵاندووە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا باسلەوەشکراوە، لەئێستادا چاودێرى جموجوڵەکانى سوپاى چین دەکەین و لە هەمانکاتیشدا سوپاى وڵاتەکەمان بۆ شەڕ ئامادەیە، بەڵام ئێمە دروستکەرى شەڕ نابین.
گرژییەکانى نێوان چین و تایوان بۆ سەردانى نانسى پێلوسى، سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا لە ڕۆژى ٢ى ئەم مانگەدا بۆ تایوان دەگەڕێتەوە، چونکە چین ئەو هەنگاوە بە پێشێلکردنى سەروەریى خاکەکەى دەزانێت و بۆ ئەو مەبەستەش هۆشداریى تووندیان دایە بەرپرسانى ئەمریکا و بۆ ئەو مەبەستەش چەند ڕۆژێکە جموجوڵى سەربازى لە سنورەکانى تایوان لەلایەن چینەوە دەستیپێکردووە .
جێگەى ئاماژەیە، ڕۆژى چوارشەەمەى ڕابردوو وەزارەتی بەرگری تایوان بڵاویکردەوە، سوپاى چین لەمیانەى ئەنجامدانى مەشقى سەربازى سنورى وڵاتەکەمانى بەزاندووە و سەروەرى خاکەکەمانى پێشێلکردووە.
ئ.م