ترامپ: ئەگەر ئێران نیازی شەڕی هەیە کۆتایی پێدەهێنین

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بە ڕۆکێت لە نزیک باڵیوزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا درا، ترامپ هەڕەشەی لە ئێران کرد و وتی:"ئەگەر ئێران نیازی شەڕکردنی هەیە، ئەوا بە فەرمیی کۆتایی پێدەهێنین".


شەوی ڕابردوو ڕۆکتێک لە نزیکی باڵیوزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا درا، چەند کاتژمێر دوای ئەوە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بە توندی هەڕەشەی لە ئێران کردووە و لە تویتێک نووسیی: "ئەگەر ئێران بە نیازی شەڕە، ئەوا بە فەرمیی کۆتایی پێدەهێنین، هەرگیز هەڕەشە لە ئەمریکا مەکە".

بە وتەی ژەنراڵ یەحیا ڕەسول وتەبێژی سوپای عێراق کە بە ئاسوشەیتدپرێسی ڕاگەیاندووە، ڕۆکێتەکە لە نزیک پەیکەری"سەربازی ون" دراوە کە زیاتر لە کیلومەترێک لە باڵیوزخانەی ئەمریکا دوورە، بەڵام زیانی گیانیی نەبووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو ئەمریکا بەشێک لە کارمەندەکانی، بەهۆی مەترسی هێرشی هێزە گرێدراوەکانی ئێران لە عێراق کشاندەوە، هەروەها چەند وڵاتی دیکەش هۆشدارییان بە هاوڵاتیانیان دابوو کە عێراق بەجێبێڵن.

ش.ف