ترامپ بۆ ماکرۆن: بەناوی ئێمەوە سەبارەت بە ئێران قسە مەکە

سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەڵێت: ئێران زۆرزۆر خوازیاری دانوستانە، بەڵام هەندێک کەس بە پەیامی هەڵە ئێران سەرگێژ دەکەن، ڕوو لە سەرۆک کۆماری فەرەنساش دەڵێت: "کەس بۆی نییە بە هیچ شێوازێک بەناوی ئەمریکاوە قسە بکات".


تادێت گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا قووڵتر دەبێتەوە، زۆرێک لە شرۆڤەکارەکان پێیان وابوو کە ئەمریکا پێویستی بە کەسانێکە بۆ نێوەندگیری، بەڵام دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەم گومانەی ڕەتکردەوە.

لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ دۆناڵد ترامپ لە تویتێکدا ڕوو لە ئیمانۆئیل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا نووسیویەتی: ئێران لەلایەن ئەو کەسانەی دەیانەوێت نوێنەرایەتی ئەمریکا بکەن پەیامی سەرگێژکەری دەگاتە دەست، ئێران لە دۆخێکی خراپی ئابووری دایە و زۆرزۆر خوازیاری دانوستانە.

ترامپ لە تویتێکی دیکەدا نووسیویەتی: "دەزانم ماکرۆن و ئەوانەی دیکە نیازی باشیان هەیە، بەڵام هیچ کەس جگە لە ئەمریکا بۆی نییە بەناوی ئەمریکاوە قسە بکات، بۆ کەسیش نییە بە هیچ شێوازێک نوێنەرایەتی ئەمریکا بکات".

جێگای ئاماژەیە کە لەم ڕۆژانەی دواییدا، ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە ماکرۆن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، پێشنیاری پێکردووە کە بەشداری دانیشتنی وڵاتانی گروپی حەوت بێت کە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگە لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ دابنیشێت. 

ک.س