ترامپ: بەتوندی ڕووبەڕووی کردەوەکانی ئێران دەبینەوە

سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئێران دەکات، ئەگەر هەر جۆرە کردەوەیەک دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجامبدات، ئەوا ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێتەوە.


دوێنێ ئێوارە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێش سەردانەکەی بۆ ویلایەتی پەنسلڤانیا، لە کۆشکی سپی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیدایەوە.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا، وتی: هەڵسوکەوتی ئێران دوژمنکارانەیە، ئەگەر دژی بەرژەوەندییەکانمان کردەوەیەک ئەنجامبدات، بەتوندی ڕووبەڕووی دەبینەوە، جەختیشی لەوەکردەوە کە "ئەگەر ئەوان ئامادەبن دانوستانیان لەگەڵ دەکات، بەڵام ئێستا هیچ دانوستانێک لە ئارادا نییە".

ترامپ ئەوەشی وت کە "لەسەر ئێران پێویستە چاوەڕێی بکەین بزانین چی ڕوودەدات، بەڵام زۆر دوژمنکارانە هەڵسوکەوت دەکەن، ئێران بەڕاستی پشتیوانی ژمارە یەکی تیرۆریزم بووە".

لە بەردەوامی قسەکانیدا ترامپ وتی: "وای دەبینم کە ئەگەر ئێران دەست بۆ کارێک بەرێت، هەڵەیەکی گەورەی کردووە، چونکە ڕووبەڕووی هێزێکی یەکجار گەورە دەبێتەوە، هوشداریشیدایە ڕێبەرانی ئێران و وتی: "تا ئەوکاتەی خۆیان بۆ دانوستان ئامادە نەکەن، با داوای دانوستان نەکەن".

ئەم وتانەی ترامپ دوای ئەوە دێت دوێنێ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوو لە ترامپ وتبوی: "تیرۆریزمی ئابووری و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی، کۆتایی بەکاری ئێران ناهێنێت، هیچکات هەڕەشە لە ئێرانی مەکە، ڕێزگرتن تاقیبکەرەوە، وەڵام وەردەگری".

ک.س