ترامپ: سوپایەکی مەرگهێنەرمان هەیە و هیوادارم دەستی بۆ نەبەین

دانیشتنی ٢٠ وڵاتی پیشەیی جیهان لە ژاپۆن کۆتاییهات و ترامپ دیسان هەڕەشەی لە ئێران کرد و وتی: ئێمە خاوەنی بەهێزترین سوپای جیهانین، کە هێزێکی مەرگهێنەری هەیە، هیوادارین هیچکات دەستی بۆ نەبەین.


دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە کۆتایی دانیشتنی ٢٠ وڵاتی پیشەیی جیهان ناسراو بە G-20، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

ترامپ لە وەڵامی پرسیارێک لەسەر ڕاگرتنی فەرمانی هێرش بۆ سەر ئیران، وتی: بژاردەیەکی زۆرم لە بەردەست بوو بۆ هێرش کردنە سەر ئێران، کاتێک ئەو ناوچانە بۆ هێرش دەستنیشان کران، پرسیارم کرد کە چەند کەس لەو هێرشانە دەمرن، وتیان ١٥٠ کەس، منیش وتم ئەو ژمارەیە لەگەڵ ڕووداوەکە ناگونجێت، بۆیە هێرشەکەم ڕاگرت.

ترامپ وەک هەڕەشەیەک لە ئێران، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئێمە خاوەنی بەهێزترین سوپای جیهانین، کە هێزێکی مەرگهێنەری هەیە و وتیشی: "هیوادارین هیچکات دەستی بۆ نەبەین".

ترامپ لە وەڵامی پرسیارێک لەسەر پێشلکارییەکانی ئێران لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، وتی: "دەبینن، ڕێگە نادەین ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات".

ترامپ هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، کە لەسەر ئێران لەگەڵ زۆربەی سەرکردەی وڵاتان قسەیکردووە و، وتی: لەگەڵ سەرۆک کۆمارانی فەرەنسا، ڕوسیا و ئەڵمانیا لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران قسەمکردووە.

س.ح