ترامپ لەگەڵ ڕێبەری کوریای باکور کۆدەبێتەوە

سەرۆکی ئەمریکا لە کوریای باشورە و ڕایدەگەینێت، کە لەگەڵ ڕێبەری کوریای باکور بۆ سێیەمین جار لە ناوچەی بێچەکی نێوان دوو کوریا کۆدەبێتەوە.


دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوای دانیشتینی جی٢٠، سەردانی کوریای باشوری کردووە و ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەش لەگەڵ 'مون چە ئین' سەرۆک کۆماری کوریای باشور ڕایگەیاندووە، کە لە ناوچەی بێچەکی نێوان دوو کوریا لەگەڵ 'کیم جونگ ئون' ڕێبەری کوریای باکور کۆدەبێتەوە.

ترامپ ئاشکرایکرد، کە ئەو دیدارە کورت دەبێت و، وتی:"هەردوولا ئەم کۆبوونەوەیەیان پێخۆشە، لە پێشکەوتنی دانوستانەکانی دوو وڵات ڕازیم، ئەگەر من سەرۆک کۆماری ئەمریکا نەبوایەم، ئەگەری زۆر بوو کە لە نێوان دوو وڵات شەڕ ڕووبدات".

ترامپ جەختی لەوەکردەوە، کە لەسەر ئێران و کوریای باکور پەلە ناکات و، وتیشی:"گەمارۆکانی سەر کوریا وەک خۆی دەمینێتەوە، هەرچەند دۆخی ناوچەکە  بە تەواوەتی جیاوازە لە ڕابردوو".

ئەم پێشنیارە لە ناکاو لەلایەن ترامپەوە دراوە و کوریای باکور هێشتا کاردانەوەیەکی بەرامبەر ئەم پێشنیارە نەبووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا هیچکام لە سەرۆک کۆمارەکانی ئەمریکا نەچوونەتە ئەم ناوچەیە لە نێوان دوو کوریای باکور و باشور.

تا ئێستا دوو کۆبوونەوە لە نێوان ترامپ و کیم بەڕێوە چووە، ئامانج لەو دانوستانانە بێچەککردنی کوریای باکور و کۆتایی هێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکانیەیتی، لە بەرامبەردا کوریا داوادەکات گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەری هەڵبگیرێت، واژۆی ڕێککەوتننامەی کۆتایی بۆ ئاشتی و لەسەر بنەمای کۆتاییهێنان بە شەڕی دوو کوریا بکرێت، هێزی سەربازیی و چەکوچوڵی ئەمریکا لە هەردوو کوریا بکشێتەوە و کاناڵێکی راستەوخۆی دپلۆماتی بۆ چارەسەری کێشەکان دابمەزرێت.

س.ح