ترامپ گفتوگۆکانی ئاشتیی لەگەڵ تاڵیبان هەڵپەسارد

لە کاتێکدا ڕەشنووسی ئاشتیی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا ئامادەکرابوو چاوەڕێی ڕەزامەندیی سەرۆکی ئەمریکای دەکرد، ترامپ گفتوگۆکانی لەگەڵ تالیبان هەڵپەسارد.


لە ماوەی ڕابردوو زالمای خەلیلزاد نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان ڕایگەیاندبوو کە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا ئامادە کراوە و لە ئێستادا چاوەڕێی پەسەندکردنییەتی لەلایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا-وە، بەڵام ئێوارەی دوێنێ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە چەند تویتێکدا ڕایگەیاند کە گفتۆگوکانی ڕاگرتووە.

ترامپ لە تویتەکانی ئێوارەی دوێنێی نووسیویەتی "بڕیاربوو بەیانی لەگەڵ ڕێبەرانی تاڵیبان لە کامپ دەیوید دیدارێک ئەنجام بدەم، بەڵام بڕیارمدا هەڵیپەسێرم".

ترامپ هەروەها نووسیویەتی "جگە لە هەڵپساردنی ئەم دیدارە، فەرمانم داوە کە گفتۆگوکانی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان رابگیرێت، چونکە ئەم گروپە بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی کابۆلی لە ئەستۆ گرتووە، کە تێدا ١٢ کەس کە یەکێکیان سەربازێکی ئەمریکی بووە کوژراوە".

نوسینگەی سیاسیی تاڵیبان لە وڵاتی قەتەر بە 'بی بی سی'یان ڕاگەیاندووە کە؛ نوێنەرانی تاڵیبان ئەمڕۆ دانیشتنێکی بەپەلەی ناوخۆیی بەڕێوە دەبەن تا لەسەر بڕیاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا گفتوگۆ بکەن.

هەروەها سدیق سدیقی وتەبێژی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان دوای هەڵویستەکەی ترامپ لە تویتەر نووسیویەتی:"دەوڵەتی ئەفغانستان هەڵوێستی فەرمی خۆی لەسەر پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان بەم زووانە ڕادەگەینێت".

س.ح