دوای کۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک و سەرۆک وەزیرانی سوید سەرۆکی فینلەندا بە ئامادەبوونی سکرتێری ناتۆ بەیانێکی هاوبەش واژۆکرا و تورکیا ئامادەیی دەربڕی بۆ بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا هەریەکە لە یێنس ستۆڵتنبێرگ، سەرۆکی ناتۆ و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند و مەگدەلینا ئەندەرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید و رەجەب تەیب ئەدۆغان سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک کۆبونەوە، لە بارەی ئەندامنبوونی هەریەکە لە سوید و فینلەندا گفتوگۆ کرا.
ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند دوای کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە مەدرید ڕایگەیاند، دوای ئەوەی سێ وڵاتەکە یاداشتێکی هاوبەشیان واژۆکرد “بۆ درێژکردنەوەی پشتگیری تەواویان لە دژی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی یەکتر” تورکیا پشتیوانی خۆی بۆ بە ئەندامبوونی هەریەکە لە سوید و فینلەندا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ ڕاگەیاند.
یێنس ستۆڵتنبێرگ، سەرۆکی ناتۆ دوای کۆبونەوەکە پێشوازی لەوە کرد کە تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ داواکانی فینلەندا و سوید بۆ پەیوەستبوون بە هاوپەیمانی سەربازیی ناتۆ داوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ لە قسەکانیدا دەڵێت، هەر سێ وڵاتەکە یاداشتێکیان واژۆ کردووە کە خەمی تورکیا دەخاتە ڕوو، لەوانە لە هەناردەکردنی چەک و شەڕی دژی تیرۆر.
لە بەیاننامەكەی سەرۆكی فینلەندا هاتووە كە “فینلەندا وەك ئەندامێكی ناتۆ بە تەواوی پابەند دەبێت بە بەڵگەنامە و سیاسەتەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ناتۆ”، بەڵام ناوی کوردی نەهێناوە.
هاوکات میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە ئەوەی دەوڵەتی تورک وستویەتی بەدەستی هێناوە، بەڵام تا ئێستا هەریەکە لە سوید و فینلەندا لە بارەی دۆسیەیە کوردەوە کە خواستی دەوڵەتی تورک بوو هیچ لێدوانێکی ڕونیان ڕانەگەیاندووە.
ها-غ