یاریدەدەری سکرتێری گشتیی سەندیکای یەکێتیی یەکبخەن (Unite The Union) بۆ داکۆکیکردن لە مافی کرێکاران ڕایدەگەیەنێت، ئۆجالان کەسایەتیی و ناوێکی گرنگە و لەتوانایدایە کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر بکات، دەشڵێت: لەگەڵ سەندیکاکانی ئەمریکا و ئەوروپا کار بۆ ئازادکردنی ئۆجالان دەکەین.
تۆنی بوێرک، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی سەندیکای یەکێتیی یەکبخەن (Unite The Union) بۆ داکۆکیکردن لە مافی کرێکاران، کە گەورەترین سەندیکای کرێکارانە لە بەریتانیا، لەبارەی کەمپەینی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان کە لەلایەن سەندیکاکەیانەوە ڕاگەیەندراوە، قسەی بۆ ڕۆژنامەی ڕۆژەڤ کردووە.
دەقی قسەکانی تۆنی بوێرک لە ڕۆژنامەی ڕۆژەڤ؛
– ڕۆڵی بەڕێز ئۆجالان چۆن هەڵدەسەنگێنن لە تێکۆشانی ئاشتیی و ئازادییدا؟
من پێموایە ئۆجالان کەسێکی زۆر گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەو دەتوانێت کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر بکات، کاتێک ئێمە لەگەڵ شاندێکی سەندیکاکان سەردانی کوردستانمان کرد، بوویتە شاهیدحاڵی پێشکەوتنەکان، دوای گەڕانەوەمان بۆ بەریتانیا، کتێبێکمان بڵاوکردەوە لەسەر ئەوەی بۆچی گرنگە ئۆجالان ئازادبکرێت و فکر و بۆچوونەکانی چۆن دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، بەباوەڕی من ئۆجالان ناوێکی زۆر گرنگە، وەک چۆن نێڵسۆن ماندێلا توانی کێشەکان چارەسەر بکات، بەهەمان شێوە ئۆجالانیش دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.
– ٢٤ ساڵە بەڕێز ئۆجالان گۆشەگیرکراوە و بێبەشکراوە لە مافەکانی مرۆڤ، پێتان وایە دەوڵەتی تورک ئامانجی چییە لە دەستگیرکردن و گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان؟
– ئەمە وەحشیگەرییە و بەتەواویی ڕەفتارێکی دواکەوتووانەیە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، ئەگەر دۆخێکی وەها لە وڵاتێکی دیکە بوایە، دەبوو کێشەیەکی گەورە لە جیهان، پێویستە هەموو لایەک ئەوە بزانێت کە دەوڵەت ئۆجالانی خستووەتە ژێر گۆشەگیرییەکی قورسەوە، ئۆجالان کەسێکی زۆر بەهێزە و دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەوە ببێتەوە، دەبێت ئێمە هەرچی زووە کار بۆ کۆتاییهێنان بەم کارە دڕندانەی تورکیا بهێنین، پێویستە پارتە سیاسییەکان و سەندیکاکان کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بهێنن.
– کەمپەینی “کاتی ئازادیی ئۆجالان هاتووە” بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن سەندیکاکانی بەریتانیاوە بەڕێوەدەبرێت، ئایا هیچ بەرنامەیەکتان هەیە بۆ ئەوەی سەندیکاکانی ئەوروپاش بهێننە ناو کەمپەینەکەوە؟
ئێمە وەک گەورەترین سەندیکای بەریتانیا هەوڵدەدەین لە هەموو شوێنێک هەنگاو بنێین بۆ ئەم کەمپەینە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ چەندین سەندیکا و کەسایەتیی ئەوروپا قسەمان کردووە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئازادیی ئۆجالان بەدەستبهێنین، لەپێناو ئەو ئامانجەشدا هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ، سەندیکای کرێکارانی ئاسن لە ئەمریکا پشتیوانیی کەمپەینەکەیان کردووین، هەندێک سەندیکاش لە ئەمریکای باکوور و مەکسیک پشتگیرییان کردووین، بەڵام دەبێت کاری زیاتر بکەین بۆ ئەوەی پەیامەکەمان بگەیەنینە زۆرترین کەس.
– ئێوە لەبارەی کەمپەینی “کاتی ئازادیی ئۆجالان هاتووە” پەیامتان چییە؟
پێویستە هەموو کەسێک پشتیوانیی ئەم کەمپەینە بکات، بەڵام پێش هەموو شتێک پێویستمان بەوەیە گرنگیی فکر و ئازادیی ئۆجالان بناسێنین، ئۆجالان تێکۆشانێکی بێ سنووری کردووە بۆ گەلەکەی، دەبێت هێندەی لەدەستمان دێت ئێمەش پشتیوانیی ئەو تێکۆشانە بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە لەگەڵ سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا و پارتی کارێکاران و فیدراسیۆنی سەندیکاکانی بەریتانیا کار دەکەین، بۆ ئەوەی کەمپەینەکە گەورەتر بکەین، چونکە ئەم کەمپەینە هێزێکی گەورەیە، دەبێت هێندەی لەدەستمان دێت ئەم پەیامە بگەیەنین.
ب.ل