تەقینەوەیەک ٤٧ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری 'غەزنەی' ئەفغانستان بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ٤٧ کەس.


بەیانی ئەمڕۆ لە شاری غەزنەی لە باشوری ئەفغانستان، تەقینەوەیەکی بەهێز لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە ڕوویدا.

بازمحەمەد همەت، سەرۆکی نەخۆشخانەی غەزنەی، ڕایگەیاند کە تەقینەوەکە پێنج کوژراو و ٤٢ برینداری لێکەوتووەتەوە، کە هەموویان ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئەفغانستانن.

لای خۆیەوە وەحیدوڵا جومعەزادە، وتەبێژی ویلایەتی غەزنەی، ڕایگەیاندووە تەقینەوەکە پێنج کوژراو ٣٢ برینداری لێکەوتووەتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ئەمە ئاماری کۆتایی نییە و تەنها ئاماری هێزە چەکدارەکانە و زیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دیار نییە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین تەقینەوە لە ناوچە جیاوازەکانی ئەفغانستان ڕوویانداوە و حکومەتی وڵاتەکەش تاڵیبان تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.

ک.س