دووشەممە, 18 ماي 2020 – 09:08 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
بەیانی ئەمڕۆ لە شاری غەزنەی لە باشوری ئەفغانستان، تەقینەوەیەکی بەهێز لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە ڕوویدا.
بازمحەمەد همەت، سەرۆکی نەخۆشخانەی غەزنەی، ڕایگەیاند کە تەقینەوەکە پێنج کوژراو و ٤٢ برینداری لێکەوتووەتەوە، کە هەموویان ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئەفغانستانن.
لای خۆیەوە وەحیدوڵا جومعەزادە، وتەبێژی ویلایەتی غەزنەی، ڕایگەیاندووە تەقینەوەکە پێنج کوژراو ٣٢ برینداری لێکەوتووەتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ئەمە ئاماری کۆتایی نییە و تەنها ئاماری هێزە چەکدارەکانە و زیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دیار نییە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین تەقینەوە لە ناوچە جیاوازەکانی ئەفغانستان ڕوویانداوە و حکومەتی وڵاتەکەش تاڵیبان تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.
ک.س