تەقینەوەیەک ٦٥ برینداری لێکەوتەوە

تەقینەوەیەکی بەهێز کابولی پایتەختی ئەفغانستانی هەژاند، بەهۆی تەقینەوەکەوە ٦٥ بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، کە نۆ کەسیان منداڵن، بەڵام ئاماژە بە کوژراوەکان نەکراوە.


بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٨:٥٠ خولەک بە کاتی ئەفغانستان، تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەی ١٦ی شاری کابولی پایتەخت ڕوویدا، بەپێی قسەی کاربەدەستانی ئەو وڵاتە تەقینەوەکە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە.

نوسرەت ڕەحیمی وتەبێژی وزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە: کاتژمێر ٠٨:٥٠ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ لە نزیکی تاوەری گوڵبەهار لە ناوچەی ١٦ـەمی شاری کابول لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلیکی بۆمبڕێژکراوەوە تەقینەوەیەک ڕوویداوە و دوای ئەوە چەند هێرشبەرێکی خۆکوژ خۆیان کردووە بە بینایەکەدا.

ڕەحیمی باسی لە کوژراو نەکردووەو، ڕایگەیاندووە: لە ئەنجامی تەقینەوەکە تا ئێستا ٦٥ بریندار گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان، کە نۆ کەسیان منداڵن، هەروەها وتوویەتی: هێزە تایبەتەکانی پۆلیس خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکە و لە ئێستادا هاتووچۆ لەو گەڕەکە قەدەغە کراوە و پێکدادان لەگەڵ هێرشبەرەکان بەردەوامە

س.ح.