درۆنی بەیرەقدار یەکێکە لەو تەکنیکە سەربازییانەی تورکیا وای بڵاوکردەوە کە سەرجەم پارچەکانی خۆماڵین و لە تورکیا بەرهەمهێندراون، بەڵام تەلەفزیۆنێکی ئەڵمانیی ئاشکرایکردووە، کامێرای ئەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانییەوە بەرهەمدەهێندرێت و درۆنەکەش بەبێ ئەو کامێرایە هیچ توانایەکی تەکنیکیی دیکەی نییە.
تورکیا ئەمساڵ نوێترین فڕۆکەی بێفرۆکەوانی بەناوی “بەیرەقدار” نمایشکرد، بەرپرسانی تورکیا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە سەرجەم پارچەکانی ئەو درۆنە نوێیە خۆماڵییە و لە تورکیا بەرهەمهێندراون، بەڵام تەلەفزیۆنی ZDFی ئەڵمانیی لە بەرنامەیەکدا ئەوەی ڕەتکردەوە و زانیاریی نوێی لەسەر بەرهەمهێنانی ئەو درۆنە ئاشکراکرد.
تەلەفزیۆنە ئەڵمانییەکە ئاشکرایکردووە، ئەو کامێرایەی بۆ جۆرە نوێیەکەی بەیرەقدار دانراوە دروستکراوی ئەڵمانیایە و لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانییەوە لە ئەفریقای باشوور بەرهەمدەهێندرێت، کامێراکەش سەرەکییترین بەشی درۆنەکەیە و بێجگە لە کامێراکەی، ئەو درۆنە هیچ توانایەکی تەکنەلۆژیی نییە.
لە بەرنامەکەدا باس لە چەند نموونەیەک کراوە، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار تاوانی دژ بە خەڵکی مەدەنیی پێ ئەنجامدراوە، لەوانەش بۆردوومانی ١٧ی ٨ی ٢٠٢١ی نەخۆشخانەی سکنێی شەنگال، کە تورکیا بەو فڕۆکەیە ئەنجامیداوە و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش برینداربوون.
هەروەک شارەزایانی تەکنەلۆژیا لە بەرنامەی تەلەفزیۆنە ئەڵمانییەکەدا باسیان کردووە، تاکە نهێنیی ئەو درۆنەی تورکیا لە کامێراکەیدایە، کە هاوشێوەی چاوی مرۆڤ دروستکراوە و لەتوانایدا بە مەودای ٣٦٠ پلە دیمەن بگوزێتەوە، ئەوەش یەکێکە لە بەرهەمە تەکنەلۆژییەکانی ئەڵمانیا.
هەروەک ئەو پسپۆڕانە ئاشکرایانکردووە، ئەو درۆنانەی تورکیا بە وڵاتانی فرۆشتووە بەتایبەت ئازەربایجان و یەمەن، کامێرا ئەڵمانییەکەیان لەسەربووە.
تەلەفزیۆنە ئەڵمانییەکە بەرپرسانی کۆمپانیای هەندسۆڵدت-ی ئەڵمانیی دواندووە، کە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیی گەورەی ئەڵمانیایە و خاوەنی ئەو کامێرایەیە کە لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیادا بەکارهاتووە، بەرپرسانی کۆمپانیاکە ئەو زانیارییانەیان پشتڕاستکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە: ئەو کامێرایە لە کارگەکانی کۆمپانیاکە لە ئەفریقای باشوور بەرهەمهێندراوە.
هەر لە بەرنامەکەدا ڤیدیۆیەک بڵاودەکرێتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ١ی ٢٠٢١ و تێیدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سعودیی دەردەکەوێت، کە لە یەمەن خراوەتە خوارەوە و دەردەکەوێت هەمان ئەو کامێرایەی لەسەرە کە بۆ درۆنی بەیرەقداری تورکییش بەکارهاتووە.
ب.ل