تەندروستی جیهانی: گەنجانیش مەترسیی تووشبوون بە کۆرۆنایان لەسەرە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، پێویستە گەنجانیش ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا بگرنەبەر چونکە مەترسیی تووشبوون و گیان لەدەستدانیان هەیە.


تێدرۆس ئێدهانوم سکرتێری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەداوە، کە گەنجانش تووشی کۆرۆنا دەبن و لەوانەیە گیانیان لەدەستبدەن، بۆیە دەبێت خۆیان بپارێزن.

بەپێی ئەو ئامارانەی وڵاتانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاویان کردووەتەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی بەهۆی تووشبوونیان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، کەسانی بە تەمەنن، بۆیە هەندێک باوەڕیان وایە کە ئەو ڤایرۆسە بۆ گەنجان کوشندە نییە.

لەسەر ئەو بابەتە تێدرۆس ئێدهانوم هۆشداریی داوەتە گەنجان کە ئەوانیش پارێزراو نیین و پێویستە ڕێوشوێنەکان بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە کۆرۆنا ڕەچاو بکەن، ڕاشیگەیاندووە، کە گەنجانیش تووشی کۆرۆنا دەبن و لەوانەیە بەو هۆیەوە گیان لەدەستبدەن.

تا ئێستا لە سەرتاسەری جیهان، زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە ١١ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

س.ح