تەنها لە ڕۆژێکدا ٢٤٢ کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

تادێت ئاماری قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو و مەترسیدار زیاتردەبێت، بەتەنها دوێنێ ١٤ هەزار و ٨٤٠ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٢٤٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.


بەپێی دوایین ئاماری بڵاو کراوە لەلایەن کاربەدەستانی تەندروستی چینەوە، لە ڕۆژی ڕابردوو ژمارەی تووشبووان و قوربانیان ڤایرۆسی کرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و مەرگبارترین ڕۆژی کۆرۆنا تۆمارکراوە.

لە کاتێکدا باسلەوەدەکرا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئێستا بە "کووید-١٩" ناونراوە، تا ڕادەیەک کەمیکردووە و ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی ئەو ڤایرۆسە هەڵناکشێ، بەڵام ئامارەکانی دوێنێی تەندروستی چین، پێچەوانەی ئەوە بوو.

بەپێی دوایین ئامارەکان تەنها لە ڕۆژی چوارشەمە واتە دوێنێ، ١٤ هەزار و ٨٤٠ کەسی تووشبوو بەو ڤایرۆسە تۆمار کراوە و هەروەها ٢٤٢ کەسیش بەهۆی تووشبوونیان بە "کووید-١٩" گیانیان لەدەستداوە.

بەو پێیەش تائێستا لە سەرتاسەری جیهان، زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە هەزار و ٣٥٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکی چین و شاری ووهانن و ٤٤١ کەسیان لە دەرەوەی سنوورەکانی چینن.

ک.س