جۆزپ بۆرێڵ بەفەرمی جێگەی مۆگرینی گرتەوە

جۆزپ بۆرێڵ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئیسپانیا، بە فەرمی جێگای فدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی پێشووی یەکێتی ئەوروپای گرتەوە.


ئەمڕۆ جۆزپ بۆرێڵ بە فەرمی پۆستی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای وەرگرت کە پێشتر لە دەستی فدریکا مۆگرینی بوو.

دوێنێ فدریکا مۆگرینی دوای کۆتایی هاتنی ماوەی بەرپرسیارێتیی لەو پۆستە، لە تویتێکدا نووسیویەتی: "خولی خزمەتم دوای پێنج ساڵ کۆتاییهات، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە پێناو بوونی یەکێتی ئەوروپا بە هاوبەشێکی جێگەی متمانە، کۆڵەکەیەکی گشتگیر و بەرگریکاری سەختی مافەکانی مرۆڤ تێکۆشانیان کرد". 

جۆزپ بۆرێڵ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئیسپانیا، ڕۆژی ٢ی مانگی ٦ی ئەمساڵ، وەک بەرپرسی دەزگای دیپلۆماسی یەکێتی ئەوروپا دەستنیشانکرا و پەرلەمانی ئەوروپاش دانانی لەو پۆستە پەسەندکرد.

جۆزپ بۆرێڵ لە ئەمڕۆوە بەفەرمی لە پۆستی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و وەک جێگری سەرۆکی کۆنسەی ئەوروپا، دەست بە کارەکانی دەکات.

ک.س