جۆنسۆن: ئیمرالی دەتوانێت ببێتەوە تاقیگەی دیموکراسی

ئەندامی شاندی نێودەوڵەتی ئاشتی ئاماژە بەوە دەکات، ئیمرالی کە ئێستا وەک تاقیگەی ئۆپەراسیۆن و کۆنترۆڵ بەکاردێت، ئەگەر خواستێک هەبێت دەتوانێت ببێتەوە تاقیگەی دیموکراسی.


ئۆگموندور جۆنسۆن، ئەندامی شاندی نێودەوڵەتی ئاشتی و وەزیری دەرەوەی پێشووی ئایسلاندا کە بەبۆنەی ٢١ـەمین ساڵوەگەڕێ گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی، بۆ تیشک خستنەسەر گۆشەگیری ئیمرالی چووەتە ئەنقەرە، لەسەر دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بۆ ئاژانسی مەزۆپتامیا قسەیکردووە.

جۆنسۆن، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو گۆشەگیرییەی لە ئیمرالی بەردەوامە، ئەندێشە دەداتە ئەوان و وتی: من ئیمرالی وەک تاقیگەی ناوەندی ئۆپەراسیۆن و کۆنترۆڵ دەبینم، ئەو گۆشەگیرییەی لەوێ بەڕێوەدەبرێت، وردەوردە لە تورکیا و کوردستان بڵاو و بەرفراوانتر دەبێتەوە، دۆخی ئیمرالی لە هەموو تورکیا بەڕێوەدەبرێت، بەڵام دەتوانێت ببێتەوە تاقیگەی دیموکراسی، ئەمە بە تایبەت لە دوایین پەیامەکەی ئۆجالانەوە دیارە، چ کاتێک چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان کراوە و قسەیکردووە گۆڕانکاری ئەرێنی ڕوویداوە، بۆیە دەتوانێت ببێتەوە تاقیگەی دیموکراسی.

جۆنسۆن ئاماژەی بەوەدا کە ساڵی ٢٠١٤ بەشداری نەورۆزی ئامەد بووە و تیشکی خستەسەر نامەکەی ڕێبەری گەلی کورد و وەها پرسیاری کرد: بۆ دەیانەوێت دەنگی ئۆجالان ببڕن؟

جۆنسۆن هەروەها ڕایگەیاند: وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر گۆشەگیری ئیمرالی بێدەنگ ماون، بەڵام کۆمەڵگای ئەوروپا ئیدی لە ئۆجالان تێدەگات، بۆیە ئیمرالی بە تاقیگەی دیموکراسی پێناسە دەکەم، چونکە ئەم تاقیگەیە نە تەنها پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە، هاوکات ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستیش دەگرێتەوە.

ک.س