فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی- کوردستان بڵاویکردەوە، حهوت پهنابهر بهشێوەى زۆرملێ دهنێرێنه ڕواندا، کە دوان لەوانە کوردن و خەڵکى شارى سلێمانین.
فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی-کوردستان، لەبارەى ئەو پەنابەرانەى لەلایەن بەریتانیاوە بەزۆرەملێ دەنێردێنە ڕواندا ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەى فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی-کوردستاندا هاتووە: ژمارهی ئهو پهنابهرانهی بەشێوەى زۆرەملێ لەلایەن بەریتانیاوە دیپۆرتی ڕوهندا دهكرێن گهیشته حهوت کەس، کە دوان لەوانە کوردن و خەڵکى سلێمانین، سێ پهنابهری دیکەیان خەڵکى ئێران و پهنابهرێکیش خەڵکى ئهلبانیا و دانەیەکى تریشیان خەڵکى ڤێتنامە.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوە: له درێژەی ههوڵهكان دژ به دیپۆرتی پهنابهران لەلایەن بەریتانیاوە بۆ ڕواندا ئهمرۆ خۆپیشاندانێک لەبەریتانیا ڕێك دهخرێت.
لە ڕۆژى ٢ى ئەم مانگەدا پریتی پاتێل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ڕۆژى ١٤ی ئەم مانگە یەکەم فڕۆکە، کاروانى یەکەمى کۆچبەران لە وڵاتەکەمانەوە بۆ ڕواندا دەگوازێتەوە و ئەو هەنگاوەش دواناخرێت.
لەوبارەیەشەوە رێکخراوەکانی بواری داکۆکی لە مافی پەنابەران ئاماژەبەوەدەکەن: لەناو ئەو پەنابەرانەی، کە لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا دەگوازرێنەوە، پەنابەری کورد، سوری، میسری و ئەفغانیان تێدابێت.
جێگەى ئاماژەیە، بەپێى ئامارێکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ساڵى ٢٠٢١ دا ٣٧ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بەرەو بەریتانیا کۆچیانکردووە.
ئ.م