حوسیەکان جارێکی دیکە دوو فڕۆکەخانەی سعودیەیان کردە ئامانج

بۆ جارێکی دیکە هێزەکانی ئەنساروڵا (حوسیەکان)ی یەمەن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو فڕۆکەخانەیان لە باشوری سعودیە کردە ئامانج.


ئەمڕۆ یەحیا سەریع, وتەبێژی گروپی ئەنساروڵا (حوسیەکان)ی یەمەن لە تەلەفزیۆنی ئەلمەسیرەوە کە لەدەستی حوسیەکاندایە، ڕایگەیاندووە: هێزەکانیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو فڕۆکەخانەی "ئەبها" و "جازان" لە باشوری سعودیە، بە فڕۆکەی "قاسف.ک٢" کردووەتە ئامانج.

وتەبێژی گروپی ئەنساروڵا وتووشیەتی: لەو هێرشەدا شوێنە سەربازیی و هەستیار و گرنگەکان کراونەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی ڕاگیرانی کاروباری ئەو دوو فڕۆکەخانەیە.

ئەمە چەندەمینجارە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە هێرش دەکرێتە سەر ئەو دوو فڕۆکەخانەیە لە سعودیە، لە هێرشەکانی پێشوو چەندین کەس کوژراون و برینداربوون و گەشتەکانی ئەو دوو فڕۆکەخانەیە بۆ ماوەیەک ڕاگیراوە، بەڵام لەسەر هێرشەکەی ئەمڕۆدا تا ئێستا کاربەدەستانی سعودیە هیچ قسەیەکیان نەکردووە.

د.ع