خامنەیی: لەوەڵامی ئەمریکا دەست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نابەین

لە کاتێکدا دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی کردبوو کە ناهێڵێن دەستی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بگات، ڕێبەری ئێران ڕایگەیاندووە، کە بۆ وەڵامدانەوەی ئەمریکا دەست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نابەن.


ئێوارەی دوێنێ، عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، لە دیداری ماموستایانی زانکۆدا، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەوان لەسەر بابەتە نامووسیی و بنەماییەکان دانوستان ناکەین، وتوویەتی: "دانوستان بەواتای موعاملە و پاشەکشێ لە هەندێک بابەتە و بابەتێک وەکوو توانای بەرگری وڵات دانوستانی لەسەر ناکرێت، لەم بابەتە دانوستان دوو وشەیە، ئەوانن دەڵێن ئێمە ئەوەمان دەوێت، ئێمەش دەڵێن نا و کۆتایی پێدێت".

خامنەیی جەختی لەوە کردووەتەوە کە، ئێران هەرگیز لەگەڵ ئەمریکا دانوستان ناکات و وتوویەتی: هەروەها پێشتریش وتوومانە، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نەتەنیا قازانجی نییە، زیانیشی هەیە.

لەبەردەوامی قسەکانیدا خامنەیی وتوویەتی: ئەمریکییەکان هەمیشە بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان لەڕێگەی فشارەوە دەیانەوێت بەرامبەرەکەیان ماندوو بکەن و دوای ئەوە بە دانوستان فشارەکانیان تەواو دەکەن تا بگەنە ئامانجەکانیان، ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی ئەمریکا ئامرازی پێویستی پێیە، کە بە پێچەوانەی بانگەشەکان ئامرازی سەربازی نییە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات ئەوەش هەیە.

خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە ئاژانەسەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژەی بە بەروەپێشچوونی زانست لە ئێران کردووە و دەڵێت: سەرەڕای توانای باڵای زانستیمان لەبواری ئەتۆمی-دا، بەڵام هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نیین، چونکە ئێمە بەپێی فیقهـ، دین وشەرع، چەکە کۆمەڵکوژەکان لەوانە ئەتۆمی و کیمیاوی بە حەرام دەزانین.

خامنەیی جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە ئێران بە فێڵبازیی ئەمریکییەکان فریو ناخوات و وتوویەتی: بۆ وەڵام دانەوەی ئەمریکا دەست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نابەین.

ئەو قسانەی خامنەیی دوای ئەوە دێت، کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی سەفەرەکەی بۆ ژاپۆن، ڕایگەیاندبوو، ئێران بە دەسەڵاتی هەنووکەییشەوە دەتوانێت ببێتە وڵاتێکی بەهێز، هەڕەشەشی کردبوو کە هەرگیز ڕێگە نادەن حکومەتی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

س.ح