خامنەیی: لە هیچ شوێنێک لەگەڵ ئەمریکییەکان دانانیشین

دوای ئەوەی دەنگوی ئەوە بڵاو بووەوە کە ئەگەری ئەوە هەیە سەرۆک کۆماری ئێران و سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە نیویۆرک کۆببەنەوە، ڕێبەری ئێران ڕەتیدەکاتەوە کاربەدەستانی ئێران  لەهیچ ئاستێک و لەهیچ شوێنێک لەگەڵ ئەمریکییەکان دانیشن.


ئەمڕۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران کۆتایی بەو دەنگویانە هێنا کە گوایە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا و حەسەن ڕۆحانی لە نیویۆرک کۆدەبنەوە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەیسەلمێنن کە فشاری ڕەها، بەهایەکی نییە و کاریگەر نابێت.

خامنەیی ڕایگەیاند:"جارێک دەڵێن دانوستان بەبێ مەرج، جارێک دەڵێن ١٢ مەرجمان هەیە، ئەمە نیشاندەری پەشێوی سیاسەتی ئەوانە، یان فێڵێکە بۆ سەرلێشێواندنی ئێمە، بەڵام ئێمە گێژ نابین، چونکە ڕێگەمان ڕوونە و دەزانین چی دەکەین".

خامنەیی جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئەگەر ئەمریکا لە قسەکانی پاشگەز ببێتەوە، تۆبە بکات و بگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵیان دادەنیشن، وەک وڵاتانی دیکەی ناو ڕێککەوتنەکە، بە پێچەوانەی ئەمە، "هیچ دانوستانێک، لە هیچ ئاستێک و لە هیچ شوێنێک لەنێوان ئێران و ئەمریکا ڕوونادات".

س.ح