خوێندكارانی خوێندنگایه‌كی كه‌لار پاسكیل بۆ هاتووچۆكردن به‌كارده‌هێنن

له‌شارۆچكه‌ی كه‌لار، بە ئامانجی پاكڕاگرتن وخزمه‌تكردن وبایه‌خدان به‌ژینگه‌ی ناوچه‌كه، خوێندكارانی خوێندنگایه‌ك به‌پاسكیل هاتووچۆ ده‌كه‌ن، ژینگه‌ پارێزێكیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئەوەی ئەو خوێندکارانە کردوویانە پرۆژه‌یه‌كی گرنگه‌ و سوود به‌ژینگه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و پێویسته‌ په‌ره‌ی پێ بدرێت.


له‌ئاماده‌یی له‌یلا زانا، له‌شارۆچكه‌ی كه‌لار-ی ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، مامۆستایه‌كی وه‌رزش، له‌پێناو خزمه‌تكردن و بایه‌خدان به‌ژینگه‌، له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌خوێندكاره‌كانی به‌پاسكیل هاتووچۆ دەکەن بۆ خوێندنگا.

سه‌روه‌ت فایق، مامۆستای وه‌رزش، له‌ئاماده‌یی له‌یلا زانا، له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ی، بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئه‌و هه‌واڵانەی له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی پیسبووتی ژینگه‌ وكاریگه‌رییه خراپه‌‌كانی له‌سه‌ر مرۆڤ ده‌مبیست، ئەم بیرۆکەیەی لا گەڵاڵە کردم، بۆیە له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك خوێندكاری خوێندنگاکەماندا پرۆژه‌ی هاتووچۆكردن به‌پاسكیل له‌جیاتی ئۆتۆمبیل ـ مان، تاوتۆیی كرد و ئه‌وانیش بیرۆكه‌كه‌یان پێی باش بوو، بڕیارماندا پرۆژه‌كه‌ بخه‌ینه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئێستا به‌پاسكیل هاتووچۆ ده‌كه‌ین، له‌بری ئۆتۆمبێل.

سه‌روه‌ت فایق، ئه‌وه‌شی وت: ئامانجمه‌ خزمه‌تێك به‌ژینگه‌ی كه‌لار بكه‌م و پاك ڕایگرم، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستیشمه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌، ببێته‌ كلتور بۆ هه‌موو خوێندگا و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان، هاتووچۆ و فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیان، به‌ڵینی ئه‌وه‌یان داوه‌ ڕێكاره‌ یاساییه‌كان بگرنه‌به‌ر بۆ فراوان بوونی پرۆژه‌كه‌ و زۆریان پێ باش بووه‌، دڵنیام له‌وه‌رزی دووه‌می خوێندن له‌به‌ر خۆشی كه‌ش و هه‌وا ڕێژه‌یه‌كی زۆر خوێندكار پاسكیل به‌كاری دێنن.

ڕۆژان ڕزگار، یه‌كێك له‌و خوێندكارانه‌ی به‌ پاسكیل هاتووچۆی خوێندنگا ده‌كات، بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: ڕۆژانه‌ به‌ پاسكیل هاتووچۆی خوێندگا ده‌كه‌م، هه‌ست به‌كه‌شێكی پاك وهەوایەکی پاك ده‌كه‌م، ئه‌م كاره‌ خزمه‌تكردنه‌ به‌ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌مان، گوێ بەو بەربەستانە نادەم.

ڕۆژان ڕزگار، وتیشی : گرنگە هەموو کچانی شارۆچکەکەم، وەک من بەپاسکیل هاتووچۆی خوێندنگا بکەن، تا بتوانین هەموومان پێکەوە بیکەینە کلتورێکی جوان، لە پێناو خزمەتکردنی ژینگەی ناوچەکەمان .

ئازاد ئه‌حمه‌د،  چالاکوانی ژینگەیی، بۆ ڕۆژنیوز وتی: پاڵپشتی ئه‌م  پرۆژه‌یه‌‌ ده‌كه‌م و به‌كارێكی گرنگی ده‌زانم، به‌م كاره‌ ده‌توانرێت ژینگەی ناوچەکەمان پاک ڕابگرن، به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ناوه‌ندەکانی خوێندندایه‌، چونكه‌ ناوه‌ندەکانی خویندن پرۆسه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌ی كرنگه‌، كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر دروستكردن و پێگه‌یاندنی تاك.

ئازاد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، پاسكیل سواری گرنگی خۆی هه‌یه‌ چ له‌ڕووی پاكراگرتنی ژینگه‌ و چ له‌ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌، تەنانەت لە ڕووی ئابووریشەوە، بۆیە پاڵپشتی ئەم جۆرە کارانە دەبین بۆ بەردەوام بوونی .

د.ع