خوێندنگا تورکییەکان لە باشوری کوردستان چۆن کاردەکەن؟

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٠ خویندنگای تورکی هەیە، کە خوێندکاران فێری زمانی تورکی و کلتوری تورکی دەکەن و ساڵانە پارەیەکی زۆر لە خوێندکاران وەردەگرن، لە پێشتردا ئەو خوێندگایانە لەلایەن بزاڤی خزمەتەوە بەڕێوەدەبران، بەڵام ئێستا لەلایەن کەسانی نزیک لە (ئاکەپە) وە سەرپەرشتی دەکرێن.


دەوڵەتی تورک لە چەندین ڕێگاوە هەوڵی داوە لە هەرێمی کوردستان دەسەڵات وپیگەی جێگیربکات، یەکێک لەو ڕێگایانەش کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە.

لەدوای ساڵی ١٩٩٤ وە بزاڤی خزمەتی سەر بە فەتحوڵا گولەن ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد بۆ کارکردن، یەکێک لەو سێکتەرانەی کە کاریان تێداکرد، کەرتی پەروەردەبوو، سەرەتا بینایان لە حکومەتی هەرێم وەردەگرت و بەبێ بەرامبەر خوێندکاریان وەردەگرت، بەڵام وردە وردە خوێندنیان کرد بە پارە.

بەپێی ئامارێک کە لەپێش ساڵی ٢٠١٦ دا بزاڤی خزمەت  ئاشکرای کردبوو، لە هەێمی کوردستان  نزیكه‌ی ٢٠ قوتابخانه‌ و ٢ زانكۆی بزاڤی خزمەت لە پارێزگاکانی ( سلێمانی، هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە) هەیە، کە تێیاندا نزیکەی ١٥٠٠٠ خوێندکار دەخوێنن.

لەم خوێندنگایانەدا ساڵانە بڕی ٣هەزار و ٩٠٠ دۆلار لەهەر خوێندکارێک وەردەگیرێت، کە بەرزترین کرێی خوێندنە لە هەرێمی کوردستاندا، بۆنمونە، خوێندنگای میدیای نێودەوڵەتی، کە یەکێکە لەو خوێندنگا ناحکومیانەی لە هەێمی کوردستاندا کار دەکات ( کە خوێندنگایەکی ئەمریکییە) ساڵانە بڕی ٢هەزار و ٧٠٠ دۆلار لە خوێندکاران وەردەگیرێت.

لەم خوێندنگایانەدا خوێندکاران فێری زمانی تورکی و ئینگلیزی دەکرێن، زۆرینەی مامۆستاکانیان تورکن، بۆیە خوێندکاران ناچارن فێری زمانی تورکی ببن، مامۆستاکانی ئەم خوێندنگایانە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ خوێندکاران و کەسوکاری خوێندکاراندا دروستدەکەن و سەردانی ماڵی خوێندکارەکان دەکەن بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر خێزانەکانیان دابنێن، هەروەها ئەگەر بزاندرێت باری ئابووری خێزانێک باشە داوای هاوکاریی ماددی لێدەکەن بۆ پڕۆژەکانیان.

لەڕۆژی ١٥ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ دا کودەتایەکی سەربازی لە تورکیا ئەنجامدرا، کە زۆر کەس لە چاودێرانی سیاسی کودەتاکەیان وەک سیناریۆیەکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بینی بۆ ئەوەی بەهۆیەوە هێرش بکاتە سەر نەیارەکانی.

لەدوای کودەتاکە دەیان هەزار لە ئەندامانی بزاڤی خزمەتی سەر بە فەتحوڵا گولەن دەستگیرکران و زۆرینەی پڕۆژەکانی بزاڤی خزمەت لە تورکیا دەستی بەسەرداگیرا.

دەوڵەتی تورک هەوڵیدا لە دەرەوەی تورکیاش پڕۆژەکانی بزاڤی خزمەت (گولەنییەکان) دابخات، لەو چوارچێوەیەشدا فشارێکی زۆری خستە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەو خوێندنگا و زانکۆیانەی لەهەرێم هەیانە دایبخەن.

هەرچەند لە سەرەتادا حکومەتی هەرێم نەیدەویست بچێتە ژێر فشاری ئەو داواکارییەی دەوڵەتی تورکەوە، بەڵام دواجار ناچاربوو ڕێکارێک بۆ ڕازیکردنی دەوڵەتی تورک بدۆزێتەوە، ئەویش بەوەی لە سنووری دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هەموو خوێندگا و زانکۆکانی بزاڤی خزمەت لەلایەن کۆمپانیای قەیوان کڕدرانەوە، لە سنووری دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەلایەن کۆمپانیای کار کڕدرانەوە.

هەرچەند ئەو خوێندگایانە لەلایەن ئەو دوو کۆمپانیایەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق کڕدرانەوە، بەڵام گۆڕانکاریی لە پڕۆگرامی خوێندیاندا نەکرا، ناوی هەندێک لە خوێندگا و زانکۆکان گۆڕدران، بۆنمونە زانکۆی ئیشک لە سلێمانی کرا بە زانکۆی تیشک.

بەپێی وتەی سەرچاوەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، هەندێک گۆڕانکاریی لە ئیدارەی ئەو خویندنگایانەدا کراوە، کەسانی نزیک یان جێی متمانەی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئیدارەکاندا جێگایان کراوەتەوە، ئەویش بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەنە ئەردۆغان کە ئەو خوێندنگاو زانکۆیانە ناکەونە خزمەتی بزاڤی خزمەتەوە.

لە خوێندگا تورکییەکاندا، زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی و تورکی دەخوێندرێت، هەرچەند بەوتەی خۆیان زمانی تورکی زمانێکی لاوەکییە، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد لەبەر ئەوی زۆرینەی مامۆستاکان تورکن، خوێندکار ناچارە فێری زمانی تورکی بێت، هەروەها بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە هەندێک کەسوکاری خوێندکارەکان دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، لەم خوێنگایانەدا زۆر باسی ئاین بۆ خوێندکارەکان دەکرێت، ئەویش لەڕوانگەی عوسمانییەکان و ئەو ئاینەی کە لەخزمەت تورکدا بێت.

مامۆستاکانی ئەم خوێندگایانە وەک تورکێکی شۆڤێنی بیردەکەنەوە کە خۆیان بە پەردەیەکی ئیسلامی داپۆشیوە، لە ئێستادا کە هەڵمەتێکی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی هەیە لە هەرێمی کوردستان، دژی ئەو هێرشە داگیرکارییەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدات، کارمەندی یەکێک لەو مارکێتانەی لەنزیک خوێندگایەکی تورکیدایە بە ڕۆژنیوزی وت، کە مامۆستاکانی ئەو خوێندنگایانە دێنە مارکێتەکەی ئەوان بەدوای کاڵای تورکیدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیکڕن، وەک بەرپەرچدانەوە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە کاڵای تورکی ناکڕن، ئەمەش بەڵگەی بیری شۆڤێنی مامۆستایانی ئەو خوێندنگایانەیە.

مامۆستاکانی خوێندگا تورکییەکان هەوڵدەدەن دەرفەت لەو ئینتیمایە وەربگرن کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسلام هەیانە، بۆ ئەوەی کەلتوریی تورکی لەناخی خوێندکاران و کەسوکاری خوێندکاران بچێنن، زۆرجار باسی تورک و ئیمپراتۆری عوسمانی و شوێنە گەشتیاری و مێژوویەکانی تورک بۆ خوێندکاران دەکەن، هەروەها گەشتی زانستی بۆ خوێندکاران ڕێکدەخەن بۆ تورکیا.

ئەنجام

لەو بەڵگەو ئامارانەی لەبەردەستان دەردەکەوێت، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەهەمان ئەو پەردەیەی بزاڤی خزمەت دابووی بەسەر بیرە شۆڤێبییە تورکییەکەیاندا، لەهەرێمی کوردستان کار بۆ بەتورک کردن و جوانکردنی دەسەڵاتی تورک بکات، هەروەها دەیەوێت خوێنکاری زیاتر لە هەرێمی کوردستانەوە ڕابکێشێت بۆ خوێندن لە زانکۆکانی تورکیا ئەویش بە ئامانجی ئەوەی لەو ڕێگەیەوە پارە و سەرمایەی خێزانە کوردەکان بباتە تورکیا و خویندکارەکانیش زیاتر بخاتە ژێر کاریگەریی کەلتوری تورکییەوە.

د.ع