خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا بە هانای مەخمورەوە دەچێت

دوای ئەوەی ئەنجومەنی گەلی مەخمور داوای لە خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بە هانایانەوە بچن، خۆبەڕێوەبەری وەڵامیدایەوە و ڕایەگەیاند: هەموو پێداویستییە تەندروستییەکانی مەخمور دابین دەکەین.


ئەمڕۆ بێریڤان خالید، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاماژەی بەوەدا کە داواکاریی و بانگەوازییەکەی ئەنجومەنی گەلی مەخمور پێکدێنن چونکە ئەرکێکە دەکەوێتە سەر شانیان.

بێریڤان خالید هەروەها ڕایگەیاند: وەک خۆبەڕێوەبەری ئامادەین هاریکاریی هەموو ئەو ناوچانە بکەین کە پێویستییان بە هاوکارییە و جەختیشی لەوە کردەوە کە هەموو پێداویستییە تەندروستییەکانی مەخمور دابین دەکەین و بۆیان دەنێرین.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کامپی پەنابەرانی مەخمور لە مانگی ٧ی ساڵی پارەوە بە فەرمانی کاربەدەستانی حکومەتی باشوری کوردستان گەمارۆی خراوەتەسەر و لەم دۆخەدا کە کۆرۆنا هەڕەشە لە ژیانی دانیشتووانی دەکات، کاربەدەستان ئامادە نیین ئەو گەمارۆیە هەڵبگرن، دوینێش لە نامەیەکدا ئەنجومەنی گەلی مەخمور داوای هاوکاری لە خۆبەڕیوەبەری ڕۆژئاوا کرد.

ک.س