خۆسەریی شەنگال: کشانەوەی حەشدی شەعبی هەنگاوێکی گرنگە

ئەنجومەنی خۆسەریی دیموکراتیی شەنگال، کشانەوەی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە شەنگال بە هەنگاوێکی گرنگ ناوبرد و داواشی لە کۆمەڵگای ئێزدی کرد، کە یەکێتیی خۆیان پێکبهێنن و هیوایان بە دەرەوە نەبێت.


ئەمڕۆ، ئەنجومەنی خۆسەریی دیموکراتیی شەنگال، لەبارەی کشانەوەی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە شەنگال، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی خۆسەریی دیموکراتیی شەنگالدا هاتووە: ئێمە کشانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بەکارێکی باش دەزانین، دوای داگیرکردنی شەنگال لەلایەن چەتەکانی داعشەوە، بۆ ئازادکردنی خاکی شەنگال و بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێزدیی ببێتە خاوەنی ئیرادەی خۆی، تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە بتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن، هەموو دەزگا و ناوەندێک لەلایەن کۆمەڵگای شەنگالەوە دامەزرا، هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە-یش ڕۆڵی گرنگیان لە ئازادکردنەوەی شەنگالدا بینی.

ئاماژە بەوەشکراوە: لە مانگی ئایاری ٢٠١٧-دا ١٣ گوندی شەنگال لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە ئازادکرا، ئێمە سوپاسیان دەکەین و ڕەنجیان لەبیرناکەین، بەڵام ئەو گوندانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا بوون، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیان دابیننەکرا، هەرچەندە خەڵکی ئەو گوندانەش بەهیوابوون کە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، بەڵام ئەوە نەبوو.

ئەنجومەنی خۆسەریی شەنگال بانگیشی لە کۆمەڵگای ئێزدیی کردووە، کە هەمیشە خاوەن هیوا بن و وتوویەتی: ئەوەش بە ڕێککەوتن و بە یەکێتیی پێکدێت، ئێمە بە گەلەکەمان دەڵێین کە ئێمە خاوەنی ئەم خاکەین و ئەوەشی کە ئەرکییەتی ئەم خاکە بپارێزێت هەر ئێمەین.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، ئەنجومەنی خۆسەریی شەنگال داوای لە حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە: پێکەوە گوندەکانی شەنگال لە پاشماوەکانی چەتەکانی داعش پاکبکەینەوە، بۆ ئەوەی گەلەکەمان بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان.

ب.ل