خۆپیشاندانی هێلەک زەردەکان ساڵێکی تێپەڕاند

ساڵێک لەمەوبەر خەڵکی فەرەنسا، دژی زیادکردنی باج لەسەر سووتەمەنی، بە پۆشینی هێلەکی زەرد، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و لە ٥٣ هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژانی شەممە دەهاتنە سەر شەقام.


ڕۆژی ١٧ی مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٨، واتا ساڵێک لەمەوبەر ڕۆژی شەممە، کۆمەڵێک لە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ناوچەیەکی دەوروبەری پاریس دژی زیادکردنی باج لەسەر سووتەمەنی، بە پۆشینی هێلەکی زەردەوە، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، دواتر خۆپیشاندانەکە بەرفراوان بوو کەوتە ناوجەرگەی پاریس و چەند شارێکی دیکەی فەڕەنساشی گرتەوە.

لەگەڵ بەرفراوانبوونی خۆپیشاندانەکان کە بە ناڕەزایی بەرامبەر بەرزبوونەوەی باج و نرخی سووتەمەنی دەستیپێکرد، خۆپێشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆماری فەرەنسا و ئەنجامدانی ڕێفراندۆمیان کرد بۆ سەرلەنوێ سازکردنی پێوانە دیموکراتییەکان لەو وڵاتە.

لە خۆپیشاندانەکاندا، ئاڵۆزی لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا دروستبوو، لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوو، چەندین کەس لە خۆپیشاندەران کوژران و سەدان کەس برینداربوون، هەرەوا هەزارن کەسیش دەستگیر و زیندانیی کران.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، دوای بەرفراوان بوونی خۆپیشاندانەکان بەڵێنی ئەوەیدا، کە باج لەسەر سووتەمەنی هەڵگرێت و هەندێک چاکسازی بکات، بەڵام خۆپیشاندەران گوێیان پێنەداو داوای دەست لەکار کێشانەوەی ماکرۆنیان دووبارە کردەوە.

ئەمڕۆ و دوای تێپەڕبوونی ٥٣ هەفتە لەو خۆپیشاندانەدا، بڕیارە خەڵکی فەرەنسا بە شێوەیەکی جەماوەری بێنە سەر شەقامەکان، بەپێی هەندێک ئاژانسی جیهانی بڕیار وایە ٢٠٠ چالاکیی ناڕەزایی ئەمڕۆ و سبەینێ لە سەرتاسەری فەرەنسا بەڕێوە بچێت.

س.ح