خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا حکومەتی ناچار بە پاشەکشە کرد

حکومەتی فەرەنسا، لەژێر فشاری خۆپیشاندانی "هێلەک زەردەکان" بڕیاری زیادکردنی باجی سەر سووتەمەنی هەڵدەپەسێرێت.


ئەمڕۆ، ئیدوارد فیلیپ سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا، لەگەڵ نوێنەری پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە، لەبارەی ناڕەزایەتییەکان و هەنگاوەکانی حکومەت بۆ چارەسەر قسەیکرد.

سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا دووپاتیکردووەتەوە، بۆ ماوەی چەند مانگێک بڕیاری زیادکردنی باج لەسەر سووتەمەنییەکان هەڵدەپەسێرێت.

لەو بارەیەوە میدیاکانی فەرەنسا، لەنێویاندا میدیا فەرمییەکان، دووپاتیانکردووەتەوە، سەرۆکی حکومەت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بڕیاری هەڵپەساردنی زیادکردنی باجی سەر سووتەمەنی و چەند ڕێوشوێنێکی دیکە ڕادەگەیەنێت، تا ڕێگە خۆشبکات حکومەت گفتوگۆیەکی هێمن لەگەڵ فەرەنسییەکاندا ئەنجامبدات.

بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی فەرەنسا و نوێنەرانی "هێلەک زەردەکان" کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خۆپیشاندەران بۆ دیارییکردنی نوێنەری خۆیان بۆ کۆبوونەوەکە نەگەیشتنە ڕێککەوتن، هەروەها نەیانتوانی داواکارییەکانیان لە لیستێکدا کۆبکەنەوە و لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەت ببوون بە دووبەشەوە، بۆیە کۆبوونەوەکە ئەنجامنەدرا.

لە 17ی مانگی ڕابردووەوە، لە فەرەنسا خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی بڕیاری زیادکردنی باج لەسەر سووتەمەنییەکان دەستیپێکردووە، دواتر خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و خۆپیشاندەرانی "هێلەک زەرد" بە گشتی دژی سیاسەتەکانی حکومەتی فەرەنسا و دابەزینی توانای دارایی خەڵک وەستانەوە، بەهۆی دروستبوونی توندوتیژییشەوە، سەدان خۆپیشاندەر و پۆلیس و هێزی ئەمنی بریندار بوون، ژمارەیەکی زۆریش لە خۆپیشاندەران دەستگیرکراون، سێ خۆپیشاندەریش گیانیان لەدەستداوە.

 

ک.ک