خۆپیشاندان لە دژی گرانیی نان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت

لە وڵاتی سودان  ٢٢ حزبى سیاسی داواى هەڵوەشانەوەى حکومەت و هەڵبژاردنى پێشوەخت دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی سەرەتا خۆپیشاندان دژی گرانیی نرخی نان دەستیپێکرد.


نزیکەی ١٥ ڕۆژە لە سودان خەڵک دژی بەرزبوونەوەی نرخی نان دەستیان بە خۆپیشاندان کردوە، بەڵام خۆپیشاندانەکان ئێستا گۆڕاون بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئەمڕۆش ٢٢ حزبی سیاسی سودان، کە زۆرینەیان بەشدارن لە حکومەتی ئێستای وڵاتەکەدا، لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە عومەر بەشیر سەرۆکی سودان کرد، حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی هەرێمەکان هەڵبوەشێنێتەوە و ئەنجومەنێکی کاتیی سەد کەسی لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ دابمەزرێنێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت .

لە بەیاننامەی ئەو حزبانەدا ئەوەش هاتووە: سودان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە و حکومەتی ئێستا شکستی هێناوە لە  چارەسەرکردنی کێشە ئابووری  و ئەمنی و سیاسیەکاندا.

لە ماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا کە خەڵک دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی کردوە، زیاتر لە ٣٧ خۆپیشاندەر کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون.

ماوەی ٢٩ ساڵە عومەر بەشیر سەرۆکی سودانە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڕێگەی کودەتاوە دەسەڵاتی گرتەدەست.

 

ک.ک