خەلیلزاد: ڕێککەوتنی تاڵیبان و ئەمریکا چاوەڕێی ڕەزامەندی ترامپ دەکات

نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان ڕایگەیاند: ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان ئامادەیە و چاوەڕیی پەسەندکردنی دەکرێت لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە.


شەوی ڕابردوو، زالمای خەلیلزاد نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان، بە تەلەفزیۆنێکی ئەفغانستانی ڕایگەیاندووە، کە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا ئامادە کراوە و لە ئێستادا چاوەڕێی پەسەندکردنییەتی لەلایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا-وە.

خەلیلزاد ڕایگەیاند: ئەگەر ڕێککەوتنەکە لەلایەن ترامپەوە پەسەند بکرێت، ئەمریکا پێنج هەزار سەربازی لە پێنج بنکەی سەربازیی خۆی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە، پرۆسەی کشانەوەی ئەو هێزانە لە ماوەی ١٣٥ ڕۆژ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە ئەنجام دەدرێت.

شاندی ئەمریکا بە سەرپەرشتی زالمای خەلیلزاد لە ٢٣ی مانگی ڕابردووەوە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان لە دەوحەی قەتەر نۆیەمین خولی دانوستانەکانیان بەڕێوەبرد، کە جێگەی ڕەزامەندی هەردوولا بوو.

جێگای ئاماژەیە، شەڕی ئەفغانستان درێژمەوداترین شەڕی دەرەکی هێزەکانی ئەمریکایە و لە ئێستادا ١٤ هەزار سەربازی ئەمریکا لە حەوت بنکەی سەربازیی، لە خاکی ئەفغانستان بوونیان هەیە.

س.ح