خەڵاتی مافی مرۆڤی ئەوروپا بەخشرایە چوار پارێزەری زیندانی لەئێران

چوار پارێزەری ئێرانی کە ئێستا لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە زیندانی کراون، بە شێوەی هاوبەش خەڵاتی مافی مرۆڤی ئەوروپایان پێبەخشرا.


دوێنێ ناوەندی ئەنجومەنەکانی پارێزەران و مافناسانی ئەوروپا خەڵاتی ساڵی ٢٠١٩ی مافی مرۆڤیان بەخشی بە چوار پارێزەری ئێرانی، کە لە ئێستادا لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئێران زیندانیکراون.

ئەم پارێزەرانە، کە ئێستا زیندانیین و ئەندامی "ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤی ئێرانن" بریتین لە؛ "نەسرین ستودە، عبدولفەتاح سوڵتانی، محەمەد نەجەفی و ئەمیرسالار داودی".

لەمەراسیمی بەخشینی خەڵاتەکە کە دوێنێ بەڕیوەچوو، شیرین عبادی پارێزەری ئێرانی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەلایەن ئەو چوارپارێزەرەوە خەڵاتەکەی وەرگرت.

عبادی لە مەراسیمەکەدا ئاماژەی بە فشاری دام و دەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادی ئێران بۆسەر پارێزەران و دەستێوەردان لە کاروباریان کرد و وتی: دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩ زیاتر لە ٦٠ پارێزەر خرانە ژێر فشار و ئازاری دەزگا ئەمنییەکانی ئێران، زیندانی کران، ناچارکران کۆچ بکەن یان خرانە ژێر هەڕەشە و فشارەوە بۆ ئەوەی نەتوانن بەرگریی لە بریگرتەکانیان بکەن.

جێگای ئاماژەیە ئەم چوار پارێزەرە، بەرگرییان لە دۆسییەی کەسانی سیاسی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و بەو هۆیەوە هەندێک تۆمەت لەوانە؛ لایەنگری پارتە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، سیخوڕی بۆ وڵاتانی بیانی، پڕۆپاگاندا دژی دەسەڵات  ... خراوەتە پاڵیان.

د.ع