خەڵکی نیوکالیدۆنیا به‌ "نه‌خێر" دەنگیاندا بۆ سه‌ربه‌خۆیی

له‌ نیوکالیدۆنیا که‌ دوورگەیه‌که‌ لە زه‌ریای ئارام و ماوەی ١٦٥ ساڵە لە ژێر دەسەڵاتى فەرەنسادایە، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئه‌نجام درا، بەڵام له‌ ئه‌نجامدا به‌ره‌ی "نه‌خێر" به‌سه‌ر به‌ره‌ی "به‌ڵێ"دا سه‌رکه‌وت.


خەڵکی نیوکالیدۆنیا ئه‌مڕۆ ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی خۆیان ڕیفراندۆمیان ئەنجامدا، بەوەی دەیانەوێت سەربەخۆ بن یان لە چوارچێوەی فەرەنسا بمێننەوە.

هەر ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی ڕیفراندۆمەکە ڕاگه‌یه‌نرا ئاستی به‌شداری خه‌ڵکی ئه‌و وه‌ڵاته‌‌ له‌ ڕیفراندۆمه‌که‌دا ٨٠% بووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا ٥٦%ی به‌شداربوان ده‌نگیان به‌ "نه‌خێر" بۆ سه‌ربه‌خۆیی داوە و ٤٣%ی ده‌نگده‌رانیش به‌ "به‌ڵێ" بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌نگیان داوه‌.

ڕێژه‌ی به‌شداریی ده‌نگده‌ران به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی خۆجێیی ساڵی ٢٠١٤ زیادی کردووه‌، بە شێوەیەک ساڵی ٢٠١٤ له‌ هه‌ڵبژاردنی خۆجێییدا ٥٨ی ده‌نگده‌ران چووبوونه‌ سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکان ڕایگەیاند: ئەوە نیشانیدا کە خەڵکی نیوکالیدۆنیا باوەڕیان بە کۆماری فەرەنسا هەیە، من شانازیتان پێوە دەکەم کە توانیمان ئەم قۆناغە مێژووییە پێکەوە تێپەڕێنین.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

 

ک.ک