داواکانی ئێران لە ئەمریکا: نە شەڕمان دەوێت نە گەمارۆ

ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندووە، کە وەڵامی ئەمریکامان داوەتەوە، دوو شتمان پێکەوە دەوێت؛ "نە شەڕ بکرێت، نە گەمارۆ بمینێت".


حسامەدین ئاشنا ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران، کە هاوکات سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵێنەوە ستراتژیەکانی دامەزراوەی سەرۆک کۆماریی ئێرانە، دەربارەی ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەی و ئەمریکا بۆ ئاژانسێکی ئێرانی قسەیکردووە.

حسامەدین ئاشنا ڕایگەیاندووە: ئەوەی پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبێت ئەمەیە، کە ئێمە دوو شتمان پێکەوە دەوێت، یەک ئەوەی کە ڕێگە نەدەین شەڕ ڕووبدات، دووەمیش ئەوەی ڕێگە نەدەین گەمارۆکان بەردەوامبن.

ڕاشیگەیاندووە: وەڵامی ئەمریکییەکانمان داوەتەوە، وەڵامەکەشمان ئەوەیە؛ "نە شەڕ نەش گەمارۆ"، پێویستە ئەمریکا بەرەو دۆخێک بەرین کە نە بتوانێت لە شەڕ بمانترسێنێت و نەبشتوانێت درێژە بە گەمارۆکان بدات، ئەمەش ئەو ئاڵۆزییەیە کە تووشی بووین، بۆ پێکهێنانی ئەمەش تەنیا ڕێگەمان یەکڕێزی ناوخۆییمانە، ئەمریکا کاتێک سەردەکەوێت کە ئاڵۆزییەکی کۆمەڵایەتی لە ئێران دروست بکات، بەڵام ئەگەر نەگاتە ئەو ئامانجە هەموو هەوڵدانەکانی بێکاریگەر دەبن.

ئەوە لە کاتێکدایە، سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوێنێ وتبووی: "وای دەبینم کە ئەگەر ئێران دەست بۆ کارێک بەرێت، هەڵەیەکی گەورەی کردووە، چونکە ڕووبەڕووی هێزێکی یەکجار گەورە دەبێتەوە"، هوشداریشی دایە ڕێبەرانی ئێران و، وتی: تا ئەوکاتەی خۆیان بۆ دانوستان ئامادە نەکەن، با داوای دانوستان نەکەن.

س.ح