داگیرکارییەکانی تورکیا و دۆخی ئازادی لە هەرێم گەیەندرایە پەرلەمانی سوید

لە سیمینارێکدا لە پەرلەمانی سوید، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پەرلەمانتارانی سوید ئامادەیبوون، باس لە مەترسییەکانی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشوری کوردستان و دۆخی ژنان و ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان کرا.


دوێنێ لە پەرلەمانی سوید، سیمینارێک بەناونیشانی "ڕەوشی دیموکراسی و مافی ژن لە هەرێمی کوردستان" بۆ هەریەکە لە تارا حسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و شێروان شێروانی ڕۆژنامەنووس ڕێکخرا.

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی لیبراڵ و سۆسیال دیموکرات و چەپ-ی پەرلەمانی سوید و نوێنەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی سوید و نوێنەری ڕێکخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ و سەنتەری ئۆلف پاڵمە-ـەیش، کە سەنتەرێکی بەناوبانگی دیموکراسییە لە سوید، هەروەها نوێنەری ڕێکخراوی سی پی تی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ژمارەیەک چالاکوانانی مەدەنیی لەو وڵاتە، بەشدارییان لە سیمینارەکەدا کردبوو.

لە سیمینارەکەدا، تارا حسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی ئاماژەی بە ئامانج و مەترسییەکانی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کردبوو لەسەر خاکی باشوری کوردستان و وتبووی: دەوڵەتی تورک پەیام بە گوندنشینانی ناوچە سنوورییەکانی باشوری کوردستان دەدات کە گوندەکانیان چۆڵ بکەن، بە ئامانجی ئەوەی کە گوندەکان چۆڵبکرێت، ئەگەریش ئەو گوندانە چۆڵبکرێن مەترسیی سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و قاعیدە و جەبهەی نووسرە هەیە لەو ناوچانە، بۆیەش تورکیا دەیەوێت هەم ئەو ناوچانە داگیربکات و هەم گوندەکان چۆڵ بکات.

تارا حسێن ڕەخنەی لە بێدەنگیی ناوەندە جیهانییەکانیش گرتووە لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و وتوویەتی: ئەگەر بێدەنگیی ڕایگشتیی جیهانیی بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامبێت، ئەوا مەترسیی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی گەورە هەیە لەسەر دەستی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان، بۆیە پێویستە حکومەت و پەرلەمانی سویدیش لەسەر ئەم مەترسییانە پەیام بە دەوڵەتی تورک بدەن.

لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی باسی لە دۆخی ژن کردووە لە باشوری کوردستان و ئاماژەی بەوەکردووە، کە ڕۆژانە لە باشوری کوردستان ژن دەکوژرێت و بکوژانی ژنانیش بە سزا ناگەیەندرێن، ڕەخنەشی لە نەبوونی ڕۆڵی ژنان گرتووە لە ناوەندەکانی بڕیاری باشوری کوردستاندا و وتوویەتی: لە باشوری کوردستان ژنان ئیرادەیان قبوڵناکرێت و بەشداریی کارایان لە ناوەندەکانی بەڕێوەبردن و بڕیارداندا پێ ناکرێت، لە هەمان کاتدا ژنانێکی چالاک لە باشوری کوردستاندا هەن کە دەیانەوێت ڕۆڵیان هەبێت و لەسەر پێی خۆیان ڕابووەستن.

لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، شێروان شێروانی، ڕۆژنامەنووس باسی لە دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و ڕۆژنامەنووسان کردووە لە باشوری کوردستان و ئاماژەی بەوەکردووە، کە "تەواوی ڕۆژنامەنووسانی دەرەوەی دەسەڵات ژیانیان لە مەترسیدایە و ڕۆژنامەنووسان دەستگیردەکرێن و مەودای کارکردنیان بەرتەسک دەکرێتەوە".

هاوکات ئاماژەی بە گووشارەکانی سەر ڕۆژنامەنووسانیش کردووە و وتوویەتی، کە هەندێک جار دەسەڵاتی باشوری کوردستان یاسای تووند-ی وەک تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی دەخاتە پاڵ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی، کە لە دەرەوەی بەرەی دەسەڵاتن، کە ئەو یاسایە سزاکەی هەندێک جار دەگاتە لەسێدارەدان.

هاوکات ئەمڕۆش تارا حسێن و شێروان شێروانی بە یاوەری ژمارەیەک چالاکوان و ڕێکخراوی ١٧ی شوبات، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سوید کۆدەبنەوە و پرسی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی باشوری کوردستان و دۆخی ئازادیی کاری سیاسیی و ئازادیی ژنان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبن.

س.ح