دوایین زانیاریی لەسەر ٨ تەقینەوەکەی سریلانکا

لانی کەم ٢٠٧ کەس کوژران و ٤٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی ڕوودانی زنجیرەیەک تەقینەوە لە کەنیسە و هۆتێلەکانی سریلانکا.


ئەمڕۆ هەشت تەقینەوە لە وڵاتی سریلانکا ڕوویاندا، کە هاوڵاتیانی مەسیحیان بە ئامانج گرتبوو، چونکە تەقینەوەکان لە کەنیسەکان و هۆتێلەکانی ئەو وڵاتە ڕوویاندا، کە سەرقاڵی یادکردنەوەی جەژنی زیندووبوونەوە بوون، کە جەژنێکی مەسیحییەکانە و بە پێی جەژنەکە مەسیح دەگەڕێتەوە بۆ ژیان.

تەقینەوەکان کەنیسەکانی نیگۆمبۆ و باتیکالاۆ و کۆلۆمبۆ و هۆتێلەکانی شانگریلا و کینگسبێری و سینامۆن-یان کردە ئامانج.

بە پێی دوایین لێدوانی پۆلیسی سریلانکا، لە تەقینەوەکاندا لانی کەم ٢٠٧ کەس کوژراون و ٤٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی سریلانکاش ڕایانگەیاند، لەناو کوژراوەکاندا ٢٧ هاوڵاتی بیانیی هەن.

لەلایەکی دیکەوە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا و بۆ ماوەیەکی کاتیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخران.

میدیاکانی ئەو وڵاتە دەڵێن، لەسەر تەقینەوەکان حەوت کەس دەستگیرکراون، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کێ لە پشت ئەو زنجیرە تەقینەوانەوەیە، وەزارەتی بەرگریش دەڵێت: پێدەچێت هەموو تەقینەوەکان لەلایەن یەک گروپەوە ئەنجامدرابێت.

هۆکاری زۆری ژمارەی قوربانییەکان ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پێشبینیان نەکردوە ئەو تەقینەوانە ڕووبدەن، هەروەها تەقینەوەکان پلان بۆ داڕێژراو و بە بەرنامە بوون.


ک.ک