دوای هێرشی مووشەکی حەماس، ئیسرائیل بەهێرشی ئاسمانی وەڵامی دایەوە

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دوای ئەوەی لەلایەن حەماسەوە بە ١٠ مووشەک خاکەکەی کرایە ئامانج، بە هێرشی ئاسمانی پێگە و سایتە مووشەکییەکانی لە کەرتی غەزە بۆردوومان کرد.


شەوی ڕابردوو گروپی حەماس بە ١٠ مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، نۆ لەو مووشەکانە لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل کە بە "گونبەزی ئاسنین" دەناسرێت، پوچەڵ کراونەتەوە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیلیش وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە.

لەو ١٠ مووشەکەی لەلایەن حەماسەوە ئاراستە کرابوون، تەنیا یەکێکیان لە نزیک خانوویەک لە شارۆچکەی سدروت لە باشوری ئیسرائیل کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام زیانی گیانیی نەبووە.

بەڵام لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل کە لە وەڵامی مووشەکەکان هێرشی کردووەتە سەر بنکە و سایتە مووشەکییەکانی حەماس لە کەرتی غەزە، ئەو بنکە و سایتانە ڕووخێندراون.

وەزارەتی تەندروستی ئیدارەی حەماس لە غەزە، ڕایگەیاند: لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل، کەسێکی تەمەن ٢٧ ساڵ کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

س.ح