دووشەممە قۆناغی دووەمی سزاكانی سەر ئێران دەستپێدەكات

ڕۆژى ٥ی ئەم مانگە قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران دەستپێدەكات، ئەمە جگە لەوەی ئەمریكا دووبارە سەرجەم ئەو سزایانەی گەڕاندنەوە سەر ئێران، كە بەهۆی ڕێككەوتنی ئەتۆمییەوە ڕاگیرابوون.


دوێنێ شەو ئیدارەی دۆناڵد ترامپ بڵاویكردەوە، کە سەرجەم ئەو سزایانەی پێشتر بەهۆی ڕێككەوتنی ئەتۆمییەوە لەسەر ئێران هەڵگیرابوون، دووبارە گەڕێندراونەتەوە، دووشەممەش قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دەستپێدەكات، كە بوارەكانی وزە، بازرگانی، دارایی و چەند بوارێكی دیكە دەگرێتەوە.

لەوبارەیەوە كۆشكی سپی ڕاگەیەنراوێكی ترامپی بڵاوكردەوە، تیایدا سەرۆكی ئەمریكا داوای لە ئێران كرد "دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەكەی بێت و هەڵسوكەوتی ڕووخێنەری لەناوچەكە بگۆڕێت و ڕێزی مافەكانی گەلەكەی بگرێت و بە نیەتێكی باشەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ".

ترامپ دووپاتیكردووەتەوە، كە ئەمریكا ئامادەیە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گشتگیرتر لەگەڵ ئێران كە هاوكاربێت لە ڕێگرتن لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەكی ئەتۆمی.

بەوتەی ستیڤان منوچین، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، بە گەڕاندنەوەی سزاكانی سەر ئێران و دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی سزاكان،  ٧٠٠ کەسایەتی و کۆمپانیا دەخرێنە لیستی سزاکانەوە، كە ٣٠٠ كەسایەتی و كۆمپانیا قۆناغی دووەمی سزاكان دەیانگرێتەوە، ٤٠٠ كەسایەتی و كۆمپانیاش پێشتر سزادرابوون و دوای ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە سزاكانیان لەسەر هەڵگیرابوو.

چەند وڵاتێك لە سزاكانی سەر ئێران دەبووردرێن و دەتوانن بەشێوەیەكی سنوردار و كاتی بەردەوام بن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، لەو بارەیەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن ڕێگە بە هەشت وڵات دەدات بە شێوەیەکی سنووردار و کاتی بەردەوام بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و سزاکانی ئەمریکا ئەوان ناگرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی میدیای ئەمریكی، وڵاتانی ئیتاڵیا، هیندستان، کۆریای باشوور و ژاپۆن لەو وڵاتانەن كە بەردەوام دەبن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران.

بە دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی سزاكان و گەڕاندنەوەی ئەو سزایانەی بەهۆی ڕێككەوتنی ئەتۆمییەوە ڕاگیرابوون، كەرتی نەوتی ئێران زۆرترین زیانی بەردەكەوێت، بەشێوەیەك، كە بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی ئێران یەك ملیۆن بەرمیل كەمدەكات بەراورد بە ماوەی پێش كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە.

د.ع