چوؤرشەممە, 27 ماي 2020 – 12:56 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمرۆ دووەمین کەشتی نەوتبەری ئێران بە ناوی فارست گەیشتە پاڵاوگەی کاردۆن لە کەنارئاوەکانی ڕۆژئاوای وڵاتی ڤەنزوێلا، بۆ ئەوەی بارەکەی داگرێت.
پێش ئەمە، لە ڕۆژانی ڕابردوو، کەشتییەکی نەوتبەری ئێران بە ناوی “فورچون” لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا، بارەکەی داگرتبوو، کە بووە هۆی دەربڕینی دڵخۆشی دەسەڵاتی هەردوو وڵات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سێیەم کەشتی نەوتبەری ئێرانیش بە ناوی “پتونیا” گەیشتووەتە ناوچەی ئابوریی ڤەنزوێلا و بەم زوانە دەگاتە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە و بارەکەی دادەگرێت.
هەرچەند ئەمریکا هەڕەشەی کردبوو کە ڕێگە بە کەشتییەکانی ئێران نادات بگەنە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا و بارەکانیان داگرن، بەڵام سوپای ڤەنزوێلا بە پاسەوانیی دەریایی و ئاسمانییەوە، پێشوازیی لە کەشتییەکانی ئێران کرد.
جێگای ئاماژەیە، بە گشتی پێنج کەشتی نەوتبەری ئێران بڕیار بوو خۆیان بگەنە ڤەنزوێلا، کە تا ئێستا سێیان گەشتوون و دووی دیکەشیان لە ڕێگەدان.
د.ع