دوو سەرۆکەکەی ئەفغانستان دەسەڵاتەکان لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن

دوای قایل نەبوونی هیچ کامیان بە دەسەڵاتی ئەویتر، دوو سەرۆکەکەی ئەفغانستان دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن.


ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، کە سەرۆکی دانپێنراوی وڵات ئەشرەف غەنی و ڕکابەرەکەی عەبدوڵا عەبدوڵا، کە ئێستا ئەویش خۆی بە سەرۆکی وڵات دەزانێت، ڕێککەوتوون لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی وڵات لەنێوان خۆیاندا.

بەهۆی ناکۆکی و ململانێی سیاسی بەردەوامی هەردوو سەرۆکەکە، پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان لە شکست نزیک بووەتەوە و لە نوێترین بڕیاریشدا حکومەتەکەی غەنی ڕەتیکردەوە چیتر بەندکراوانی تاڵیبان ئازاد بکات.

سەرهەڵدانی ناکۆکی سیاسی لەو وڵاتەدا لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەمساڵ ئەمریکا ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان واژۆ کردوو بڕیاریدا لەو وڵاتە بکشێتەوە، هەروەها بڕیاریشیدا ئەو هاوکارییە مادییە ڕابگرێت کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بۆ ئەو وڵاتە خەرج دەکرا.

سدیق سدیقی، وتەبێژی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنی سیاسی لەنیوان غەنی و عەبدوڵاوە واژۆ کراوە، عەبدوڵا عەبدوڵای ڕکابەری ئەشرەف غەنی کارەکانی ڕێککەوتنەکەی داوەتە دەست لیژنەیەکی ئاشتی و لیژنەیەکی حکومەتی ئەفغانستان.

عەبدوڵا عەبدوڵا تانەی لە هەڵبژاردنەکە ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا لە هەمان کاتدا پێکهێنانی حکومەتێکی ڕاگوزەری ڕاگەیاند.

د.ع