دوو فڕۆکەی دەوڵەتی تورک خرانە خوارەوە

دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای داگیرکەری تورک، لە لیبیا لەلایەن سوپای نیشتمانی لیبیاوە خرانە خوارەوە.


دوێنێ لەگەڵ هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی هاوپەیمانی (لە تەرابلوس) بۆسەر شاری ساعبە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای داگیرکەری تورک، لە لیبیا لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی لیبیاوە خرانە خوارەوە.

کاربەدەستێکی سوپای نیشتمانی لیبیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: ئەم دوو فڕۆکەیە هەوڵیانداوە چەند شوێنێک لەناو شاری تەرهونە بکەنە ئامانج، بەڵام ڕووبەڕووی وەڵامی بەرگریی ئاسمانی سوپای لیبیا بوونەتەوە و پێش پێکانی ئامانجەکانیان، خراونەتە خوارەوە.

هەر دوێنێ، ژنراڵ ئەحمەد مسماری، وتەبێژی سوپای نیشتمانی لیبیا، ئاشکرایکرد؛ هەزار و ٥٠٠ ئەندامی سوپای دەوڵەتی تورک لە لیبیان و ئەمە جگە لەو چەتانەی کە ڕەوانەی لیبیای کردووە و لە ئێستاشدا دوو هەزار و ٥٠٠ ئەندامی هێزە تایبەتەکانی خۆی ئامادە دەکات کە بیاننێرێتە لیبیا.

ک.س