دوو هێرشی حوسییەکان ٤٠ کوژراو و ژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە

سەرچاوە ئەمنییەکان لە عەدەن-ی یەمەن ڕایانگەیاندووە، لە دوو هێرشی جیاواز کە یەکێکیان بە مووشەک و ئەوەی دیکەشیان لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە، ٤٠ کەس کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.


ئەمڕۆ حوسییەکانی یەمەن لە تەلەفزیۆنی "ئەلمەسیرە"وە ڕایانگەیاند، کە دوو شوێنی سەربازییان لە شاری عەدەن کە دەکەوێتە باشوری یەمەن بە مووشەک کردووەتە ئامانج، بەڵام عەدەنییەکان دەڵێن یەکێک لە هێرشەکان لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە.

حوسییەکان ڕایانگەیاند: بنکەی سەربازیی "جەلا" و فەرمانگەی پۆلیسی ناوچەی عومەر موختار لە عەدەن-یان بە دوو مووشەکی بالستی و بە پشتیوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج.

دوابەدوای ئەو هێرشە سەرچاوە ئەمنییەکانی عەدەنیش ڕایانگەیاند: هێرش بۆسەر فەرمانگەی پۆلیس لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو ئەنجامدراوە و بنکەی جەلا-ش کە مەراسیمی دەرچووانی پۆلیس تێدا بەڕیوە چووە لە ڕێگەی مووشەکەوە کراوەتە ئامانج.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەداوە، کە لە یەکێک لە هێرشەکاندا فەرماندەیەکی باڵا بەناوی "مونیر یافعی" و ژمارەیەک لە هاوکارەکانی کوژراون.

بەپێی دوایین ئامارەکان هەردوو هێرشەکە ٤٠ کوژراو و ژمارەیەکی زۆر بریندرایان لێکەوتووەتەوە، هەروەها بنکەی پۆلیس و ماڵەکانی دەوروبەری زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

س.ح