دپلۆماتێکی نەرویجی شوێنی دیمستۆرا دەگرێتەوە

گەیر پێتەرسۆن لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک نوێنەری تایبەتی نوێ بۆ کاروباری سوریا لە شوێنی ستیڤان دیمستۆرا دادەنريت.


ئانتۆنیو گۆترێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنی لە نامەیەکدا کە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی ناردووە، گەیر پێتەرسۆنی وەک جێگرەوەی ستیڤان دیمستۆرا بۆ پوستی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری سوریا دیاریکردووە.

دپلۆماتێک کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت دوێنی بە ئاژانسی رۆیتەرزی بریتانی ڕاگەیاندووە: گەیر پێتەرسۆن کە ئێستا باڵیۆزی نەرویجە لە وڵاتی چین، پشتگیریی پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی واتا ئەمریکا، روسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیای بەدەستهێناوە.

پێشتر دەمیستورا -کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە وەک نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری سوریا دەستبەکار بووە- ڕایگەیاندبوو بە هەندێک هۆکاری خانەوادەیی لەو پۆستە دەکشێتەوە.

هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی سوریا تا ئێستا بێ ئەنجام بووە، ڕژێمی ئەسەدیش بە پاڵپشتی ئێران و ڕووسیا توانیویەتی ڕووبەرێکی زۆری خاکی سوریا لە ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، ئەوە لە کاتێکدایە لە حەوت ساڵی شەڕی ناوخۆی سوریادا بە سەدان هەزار مرۆڤ کوژراون و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.   

ش.ف