دۆخی ئێران ئاڵۆزە و چەندین خۆپیشاندان لە شارەکان بەڕێوەچوو

ئالۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا قووڵتربوونەتەوە، گەمارۆکان توندتر بوون و دۆخی ئابووری ئێران بەرەوە داڕمان دەڕوات، کرێکاران، کارمەندان و خانەنشینانی ئێران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبە پێشلکردنی مافەکانیان گردبوونەوە.


لە بەردەوامی فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران و کاریگەری گەمارۆ ئابورییەکان، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دۆخی خەڵک خراپتر دەبێت و پێکهاتەکانی ئێران بەرامبەر ئەو دۆخە ناڕەزایەتی نیشان دەدەن، خۆپێشاندان و نارەزایەتییەکان لە ئێران بەرامبەر سیاسەتەکانی حکومەت زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە.

ئەمڕۆ کرێکارانی هێڵی ئاسنی تەبرێز لە باکوری ڕۆژئاوای ئێران، بۆ ناڕەزایەتی دربڕین بەرامبەر پێنەدانی سێ مانگ حەقدەستیان و نەبوونی ئاسایشی کار، مانیانگرت، گربوونەوە و نەچوونە سەر کارەکانیان.

هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی خانەنشین بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر پێکنەهاتنی داواکارییەکانیان، لەبەردەم وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە تارانی پایتەخت گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە گربوونەوەیەکی دیکەدا کەرمەندانی میترۆی تاران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە فەرمی نەبوونی گرێبەستەکانیان، لە حەوشەی بینای کۆمپانیای هێڵی ئاسنی شار، لە تارانی پایتەخت گربوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەروەها لە گربوونەوەیەکی دیکەدا زیانلێکەوتووانی بانکە ناحکومییەکان لە بەردەم بینای دامەزراوەی سەرۆک کۆماریی ئێران لە تاران، بەرامبەر بەدینەهێنانی داواکارییەکان و دزین و نەگەڕاندنەوەی پارەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەر ئەمڕۆ و لە گربوونەوەیەکی دیکەی کرێکاراندا، کرێکارانی کارگەی "ئازەرئاب" لە شاری ئەراک لە بەرامبەر پێنەدانی حەقدەست و مافەکانیان ناڕەزایەتییان نیشاندا و لە بەردەم ئەو کارگەیە گردبوونەوە.

لە ماوەی ڕابردووش چەندین گربوونەوە و خۆپێشاندانی دیکە لەلایەن، ژنان، مامۆستایان، خوێندکاران و کرێکاران بەڕێوەچوو، کە دەوڵەتی ئێران لەبری ئەوەی بەدەم داواکاری خۆپێشاندەرانەوە بێت، خۆپێشاندەرانی دەستگیر و زیندانی کرد و تا ئێستا چەندین کەسیان لە زینداندان و چارەنووسی هەندێکیشیان نادیارە.

س.ح