دۆناڵد ترامپ بەسەردانێکی فەرمیی دەگاتە بەریتانیا

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە سەردانێکی فەرمیی دەگاتە بەریتانیا.


بڕیار وایە ئەمڕۆ کاتژمێر ٩:٠٠ بە کاتی بەریتانیا دۆناڵد ترامپ بگاتە فڕۆکەخانەی ستەنستێد لە باکوری لەندەنی پایتەخت و دوای ئەوە چەند دیدارێک ئەنجام بدات.

بەپێی ئاژانسە بەریتانییەکان، دۆناڵد ترامپ لە بەرنامەیدایە دوای گەیشتنی بەو وڵاتە، سەردانی کەنیسەی وێست مینستر لە ناوەندی لەندەنی پایتەخت بکات و ئێوارە ببێتە میوانی شازادەی جێنشینی بەریتانیا، هەروەها لە کۆشکی باکینگهام-یش بۆ خواردنی ئێوارە میوانی شاژنی بەریتانیا دەبێت.

هەروەها، سبەینێ دۆناڵد ترامپ لەگەڵ بەڕێوبەرانی کۆمپانیا گەورەکانی بەریتانی و ئەمریکی کۆدەبێتەوە و دوای ئەوە لە کۆشکی سێنت جێمز لەگەڵ تێرزامەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆدەبێتەوە، دوای ئەوەش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجام دەدەن.

دۆناڵد ترامپ پێش سەردانەکەی ڕایگەیاندبوو: پشتیوانی لە بوریس جانسۆن دەکات بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیران، هەروەها داواشی لە بەریتانیا کردبوو بەبێ ڕێککەوتن لە یەکێتی ئەوروپا بێتە دەرەوە.

ش.ف