دیموکراتەکان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنا

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی نیوەی خولی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئاشکرا بوون و دیموکراتەکان ئەنجومەنی نوێنەران و کوماریخوازەکان سێنا ـیان دەست کەوت.


شەوی ڕابردوو ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی کۆنگرێس لە نیوەی خولی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کە لە هەموو ویلایەتەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو، ئاشکرا کرا و  بە پێی ئەو ئەنجامانە دیموکراتەکان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران و کوماریخوازەکان زۆرینەی ئەنجومەنی پیران(سینات) ـیان بەدەستهێناوە.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ٤٣٥ ئەندامی هەیە کە تا پێش هەڵبژاردنەکانی دوێنێ، کومارییخوازەکان بە  ٢٣٥ کورسییەوە زۆرینەیان بە دەستەوە بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنەکەی ئەمجارەدا دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران ١٨٩ کورسییان بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا کۆمارییەکان ١٧٦ کورسییان بەدەستهێناوە و تا ئێستا ئەنجامی٧٠ کورسیی ڕانەگەیەندراوە.

تا ئێستا دەوترێت، کە ٦٠ ژن چوونەتە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بوونی ئەو ڕێژە لە  ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ یەکەمجارە کە ڕوو دەدات.

دوناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، وەک یەکەم کاردانەوە هەڵبژاردنەکانی وەک سەرکەوتنێکی گەورە ناوزەد کردووە.

کۆنگرێسی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران پێکدێت، ئەنجومەنی نوێنەران لە ٤٣٥ نوێنەر پێکدێت و ئەنجومەنی پیرانیش لە ١٠٠ ئەندام.

ش.ف